وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، داوا لە خێزانە ئاوارەكانی كامپەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
ئەمڕۆ شەممە 20ی شوبات لە ڕاگەیەندراوێكدا، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق داوای كردووە، “سەرجەم ئەو خێزانانەی كە لە كامپەكانی سنووری هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی بە بێ بەرامبەر و بە هاوكاریی تەواوەوە بیانگەڕێنینەوە زێدی خۆیان”.
ئەوە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ، كەریم نوری، بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێكدا هەرێمی كوردستانی تۆمەتبار كرد بەوەی ڕێگری دەكات لە گەڕانەوەی ئاوارەكان.
كەریم نوری ئاماژەی بەوەكردووە، “26 كامپی ئاوارەكان لە ژێر دەسەڵاتی هەرێم هەن، بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمیش ڕێگرن لە بەرجەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، بە تایبەت وەزیری ناوخۆی هەرێم”.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان لەلایەن هەرێمەوە بە بیانوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە لەوە دەترسین بۆ مەرامی هەڵبژاردن ئاوارەكان بەكاربهێنن”.