ئێستا هەموو كاردانەوە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی هێرشەكەی سەر هەولێر ئاشكرادەكات

كاردانەوەكانی هێرشە موشەكییەكەی شەوی ڕابردووی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەردەوامن. جگە لە كەسایەتی و لایەنەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هێرشەكە لەسەر ئاستی عێراق، وڵاتانی هەرێمی و جیهانیش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

فینلاند: هێرشەكەی سەر هەولێر ئیدانە دەكەین

وەزارەتی دەرەوەی فینلاند، تویتێكی لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر ئیدانە دەكەین لەدژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و خەڵكی عێراق كە تێدەكۆشن بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا.”

دانیمارك: ئیدانەی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكەین

جیپ كۆفۆد، وەزیری دەرەوەی دانیمارك لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “بەتوندیی ئیدانەی ئەو هێرشە دڕەندانەیە دەكەم كە كرایەسەر هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانان لە هەولێر.”

جەختیشیكردەوە كە دانیمارك هاوشانی عێراق دەوەستێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر و بەرقەراركردنی سەقامگیریدا و وتی، “دەبێت حكومەتی عێراق میلیشیا چەكدارەكان بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە.”

بەریتانیا: دەبێت ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر هەولێر سبزابدرێن

جەیمس كلێڤەرلی، وەزیری بەریتانیا بۆ كاروباری خۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ها،ڵاتییان لە هەولێر، هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق.

وتیشی، “دەبێت ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر هەولێر سبزابدرێن.”

یەكێتیی ئەوروپا: ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر دەكەین

پیتەر ستانۆ، وتەبێژی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر تویتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “یەكێتیی ئەوروپا ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر دەكات، ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەن بۆسەر سەقامگیریی كوردستانی عێراق و تەواوی ناوچەكە.”

وتەبێژی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا نووسیویەتی، “هانی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەدەین بۆ هاوكارییكردنی یەكتری لە لێكۆڵینەوەكان لەبارەی ڕوداوەكە و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر هەولێر.”

سعودیە و وڵاتانی كەنداو: پشتیوانتانین لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر

نایف فەلاح موبارەك حەجرەف، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، هێرشەكەی سەر هەولێری ئیدانەكرد و ڕایگەیاند، “ئیدانەی هێرشە موشەكییەكانی سەر شاری هەولێر دەكەین كە بووەهۆی كوژران و برینداربوونی چەندین كەس، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.”

لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە زاری ئەمیندارەكەیەوە پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دەربڕی و وتی، “ئەنجومەنەكە  پشتیوانیی كۆماری عێراق دەكات لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر خاكەكەی و وشككردنی سەرچاوەی پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر.”

كوەیت: پشتیوانیی هەر ڕێكارێكی عێراق دەكەین بۆ پاراستنی ئاسایشەكەی

جگە لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، كوەیت بە جیاش سەركۆنەی هێرشەكەی سەر هەولێری كرد. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات، وەزارەتی دەرەوەی كوەیت ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “ئیدانەی هێرشە موشەكییەكانی سەر شاری هەولێر لە كۆماری عێراقی خوشكمان دەكەین. دڵنیاین ئەو هێرشە تیرۆریستییە برایانمان لە عێراق پاشگەزناكاتەوە لە درێژەدان بە هەوڵەكانیان بەمەبەستی فەراهەمكردنی سەقامگیری و ئاسایش، كوەیت پشتیوانی هەر هەوڵ و ڕێشوشوێنێك دەكات كە عێراق لەپێناو پاراستنی ئاسایشی خۆی بیگرێتەبەر.”

میسر: عێراق دەتوانێت یەكلاكەرەوانە ڕوبەڕووی ئەو تیرۆرە ببێتەوە

لە كاردانەوەی هێرشەكەی سەر هەولێردا، حكومەتی میسر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “هێرشە موشەكییەكە سەركۆنە دەكەین و سەرەخۆشیی ڕاستگۆیانەی خۆمان ئاڕاستەی حكومەتی كۆماری عێراق و گەلە براكەی و كەسوكاری قوربانییان دەكەین، هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.”

حكومەتی میسر پشتیوانیی خۆی بۆ عێراق دووپاتكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، “پشتیوانی لە ڕێوشوێنەكانی عێراق لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە دەكەین و دڵنیاین عێراقی برا توانای ڕوبەڕوبوونەوەی یەكلاكەرەوەی ئەو كردەوە تیرۆریستییانەی هەیە.”

توركیا: بەرپرسانی عێراق بەخێرایی ئەوانە دەدۆزنەوە کە لە پشت ئەو هێرشە قێزەونەوەن

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر هێرشە موشەکییەکەی سەر شاری هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ”بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکییە دەکەین کە کرایە سەر هەولێر و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنی کردووەتە ئامانج”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی 16ی شوباتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، ” لەو باوەڕەداین کە بەرپرسانی عێراق بەخێرایی ئەوانە دەدۆزنەوە کە لە پشت ئەو هێرشە قێزەونەن و ڕوبەڕوی دادگایان دەکەنەوە”.

 ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو هێرشە جارێکی دیکە دەریخست کە پێویستە رێگە نەدرێت هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستیی لەسەر خاکی ئەو وڵاتە هەبێت لەبەر ئاشتیی، سەقامگیریی و سەروەری ئەو وڵاتە و پێویستە دەزگا نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی گشتگیر بەهێز بکرێن.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خەڵکی هەولێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش کراوە کە تورکیاشی لەنێودایە.

ئێران: ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە گومان دەخەنە سەر ئێران

هاوكاتی ئەو كاردانەوانە، ئێران كارادنەوەی بەرانبەر هێرشەكەی سەر هەولێر و لێكەوتەكانی ڕاگەیاند و وتی، “هەموو ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە گومان دەخەنە سەر ئێران لەبارەی هێرشی شەوی ڕابردووی هەولێرەوە.”

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 16 ی شوبات ڕایگەیاند، “هەموو ئەو گومانانە ڕەتدەکەینەوە کە گومان دەخرێتە سەر ئێران و بەوە تۆمەری دەکەن دەستی هەیە لە هێرشەکەی سەر هەولێر، ئەوە پرسێکی عێراقییە و ئێران لایەن نییە تێیدا”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند، “ئێمە پێمان وایە ئەمنیەتی عێراق کلیلی بەرقەراربوونی ئاشتییە لەناوچەکەدا و بۆیە ئێمە دژی هەموو هەوڵێکین بۆ تێکدانی ئەمنیەتی عێراق”.

سەعید خەتیبزادە داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە فەرمانی گونجاو بدەن بۆ دەستگیرکردن و دۆزینەوەی بکەرانی ئەو ڕوداوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: حكومەت هەوڵەكانی بۆ دژایەتی تیرۆر چڕدەكاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا وێڕای ئیدانەكردنی هێرشی فڕۆكەخانەی هەولێر و كونسوڵخانەكانی دەوروبەری، دوپاتیدەكاتەوە كە حكومەتی عێراق سەرجەم شێوازەكانی دژایەتی تیرۆر دەگرێتەبەر و، سوورە لەسەر درێژەدان بە تەواوكردنی جەنگ دژی ئەو گروپانە.

دەشڵێت، “لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لەلایەن لیژنەی هاوبەشی لایەنە ئەمنییەكانی ناوەند و حكومەتی هەرێم و، حكومەت سەرجەم ڕێوشوێنەكان دەگرێتەبەر بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو كارانە و ڕادەستكردنیان بە دادگا”.

حەلبووسی: ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر هەولێری ئارام دەكەین

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئیدانەی هێرشەكەی سەر هەولێری كرد و لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەكەین كە هەولێری ئارامی كردەئامانج، ئەم تاوانكارییە ئاڵۆزكردنێكی مەترسیدارە و ئاسایشی وڵات دەكاتەئامانج، دەبێت هەمووان هاوئاهەنگی بكەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق، دەبێت ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنەسەر هاوڵاتییان و وڵات، توندترین سزابدرێن.”

شەوی ڕابردوو بە 14 موشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و بەشێک لە موشەکەکان لە ناوچەی نیشتەجێبوون و شەقامی گشتییدا کەوتنەخوارەوە.

هێرشەكە شەپۆلێكی بەرفراوانی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا، سەرەتا هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڕەشەی سزادانی ئەنجامدەرانی موشەكبارانەكەی هەولێری كرد و لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “ئەمشەو پێنج موشەكی كاتیۆشا شاری هەولێر و چەند شوێنێكی دیپلۆماتی و نیشتەجێبوونیان كردەئامانج، خۆشبەختانە كوژراو نییە.”

زێباری لە تویتەكەیدا وتی، “هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەكان دەكەن و ئەنجامدەران سزادەدرێن.”

بافڵ تاڵەبانی: ڕووبەڕووی ھەر گرووپ و تاقمێک دەبینەوە کە ئاسایشی ھەرێم بخەنە مەترسییەوە

پاشان بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی موشەكبارانەكەی شاری هەولێر بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “رووبەڕووی ھەر گرووپ و تاقمێک دەبینەوە کە ئاسایشی ھەرێم بخەنە مەترسییەوە.”

هاوسەرۆكی یەكێتی وتیشی، “ئیدانەی ھەر پیلانێک دەکەین کە مەرامی تێکدانی ئارامیی ھەرێمی کوردستانی لەپشتەوە بێت و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر گرووپ و تاقمێک کە ئاسایشی ھەرێم بخەنە مەترسییەوە.”

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیكردەوە كە “بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەین ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵانی خەڵک تێکبدرێت.” و لە ڕاگەیەندراوەكەدا دەڵێت، “دڵنیام بە یەکڕیزی و یەک ئیرادەیی ھێزە ئەمنییەکانمان، دەتوانین باشتر ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان ببینەوە و ژیانێکی باشتر و ئارامتر بۆ ھەمووان فەراھەمبکەین.”

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لاهوور شێخ جەنگی: بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین ژیانی هاوڵاتییانمان بخرێتە مەترسییەوە

هەروەها لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تویتێکدا هێرشەکانی سەر هەولێری سەرکۆنە كرد و ڕایگەیاند، “بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین ژیانی هاوڵاتییانمان بخرێتە مەترسییەوە.”

هاوسەرۆكی یەكێتی داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد “لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە بكەن و ئەنجامدەران ڕوبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە”.

دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی هەولێر هاتەدەنگ و بە كردەوەی تیرۆریستی ناوزەدی كرد.

لە تویتێكدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “بە توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشە موشەکییەکەی ئەمشەوی هەولێر دەکەم، داوا لە كوردستانییان دەكەم ئارام بن.”

سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لێكۆڵینەوە لە موشەكبارانەكەی هەولێر دەستیپێكردووە و نووسیبووی، “هێزه‌ ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان ده‌ست پێكردووه.”

لە كۆتایی تویتەكەیدا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندبوو،‌ “له‌گه‌ڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا له‌ په‌یوه‌ندیدام بۆ هەماهەنگیی پێویست بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌.”

لای خۆیەوە، قوباد تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكانی سەر هەولێر دەكات و ڕایدەگەیەنێت، “ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەداخەوە شەوی ڕابردوو هێرشکرایەسەر هەولێری پایتەخت و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە”.

 

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندووە، “پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکرێت بیخاتە مەترسییەوە”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەم ھێرشە‌ش زەنگێکی وریاکردنەوەیە بۆ هەموولامان، بۆ ئەوەی یەکڕیز و یەکدەنگ بین لە‌ ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسییەکان، هەروەها ئەم ڕوداوە و پێشینەکانی دەریانخست کە دەبێت حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێم هەماهەنگیی زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و پڕکردنەوەی درز و کەلێنەکان”.

“کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیش پێویستە ئەم مەترسیانە بە جددی وەربگرن و یارمەتیدەرمان بن بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر و سزادانی گروپە لە یاسا دەرچووەکان”، قوباد تاڵەبانی وای وتووە.

كازمی: دەبێت تاوانکارانی هێرشەکەی هەولێر دەستگیربکرێن

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، كازمی فەرمانیكردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە موشەكبارانەكەی هەولێر.

ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، “مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرمانی دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق پێکبهێنرێت، بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو لایەنەی کە

ئەنجامدەری ڕوداوی كەوتنەخوارەوەی ژمارەیەك موشەكە بۆسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دەوروبەری لە شەوی دووشەممەدا، كە بووەهۆی برینداربوونی چەند كەسێك، دواتر وردەكارییەكانتان پێڕادەگەیەنین.”

كەمێك لەمەوبەریش، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، “ئەو هێرشە تیرۆریستییەی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج بۆ دروستکردنی پشێوی و تێکەڵکردنی کارتەکانە.”

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کازمی وتوویەتی، “لەگەڵ هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە دروستدەکەین و دەبێت تاوانکارانی هێرشەکەی هەولێر دەستگیربکرێن.”

لای خۆیەوە و لە یەكەم كاردانەوەیدا بەرانبەر بە هێرشەكە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش دوێنێ ئاشكرایكرد، بەهۆی موشەكبارانەكەی هەولێرەوە، كەسێك كوژراوە و شەش كەسی تریش برینداربوون.

واین مارۆتۆ، وتەبێیژی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، “لە موشەكبارانەكەی شەوی ڕابردووی سەر شاری هەولێردا، سەربازێكی ئەمریكا برینداربووە.”

لە تویتێكدا واین مارۆتۆ، وتەبێیژی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نووسیویەتی، بەهۆی موشەكبارانەكەوە “هاوڵاتییەکی بەڵێندەر کوژراوە و پێنج كەسی تریش برینداربوون كە ئەوانیش بەڵێندەرن، سەربازێکی ئەمریکیش برینداربووە.”

بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “لە هێرشە موشەکییەکەدا بەڵێندەرێك كوژراوە كە (ئەمریكی نییە) و نۆ کەسی دیکەش بە شێوازی جیاواز بریندار بوون”.

بەپێی زانیارییەکانی وتەبێژەکەی هاوپەیمانان “لەو نۆ کەسەی کە بریندار بوون، پێنجیان زەبر بەر سەریان کەوتووە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت”.

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، پەیامێکی لەبارەى هێرشە موشەکییەکەی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و بە تیرۆریستی ناویبرد

لە پەیامەكەی سەرۆككۆماردا هاتووە، “بە ئامانجگرتنی هەولێر کە قوربانی لێکەوتەوە، بارگرژییەکی ترسناک و کردەیەکی تیرۆرستی و تاوانکارییە دژ بە هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاووڵاتیان.”

سەرۆككۆمار لە پەیامەكەیدا ڕاشیگەیاندووە، “هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە، جگە لە بەھێزکردنی ھەوڵەکانمان بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و ئەو ھەوڵە نەزوکانەی کە دەیانەوێت وڵات نقومی ئاژاوە بکەن.”

دەشڵێت، “ئەمە جەنگی دەوڵەت و سەروەرییە، دژ بە تیرۆر و لە یاسا دەرچووان.”

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد مەترسیی هێرشەکە بە جدی وەربگرن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ” داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكوومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140″.

سەرۆکی هەرێم وتوشیەتی، ” هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دى كە ژماره‌يه‌كيان ئەمه‌ریكین، بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین.

سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین”.

نێچیرڤان بارزانی داوایەکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کردووە و ڕایگەیاندووە، “هیوادارین بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن”.

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ” نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت، بۆيه‌ داوا له‌  سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن”.

مەزڵوم عەبدی: بە توندی ئەو جۆرە کارانە سه‌ركۆنه‌ دەکەین کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە

مەزڵوم عەبدی لە ڕاگەیەندراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكانی سەر هەولێر دەكات و دەڵێت، “ئامانج لەو جۆرە كارانە تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە”.

لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە تویتەر نووسیویەتی، “دوێنی شاری هەولێر و فڕۆکەخانەکەی کران بە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی، بە توندی ئەو جۆرە کارانە سه‌ركۆنه‌ دەکەین کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە.”

فەرماندەكەی هەسەدە ئەوەشی ڕاگەیاند، “ڕەحمەت بۆ شەهیدەکان وهیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارانی مەدەنی و بریندارانی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەخوازین”.

ئەمریكا: ئێمە توڕەین لەبارەی هێرشە موشەكییەكانی سەر هەرێمی كوردستان

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر ئاشكرایكردووە، “ئێمە توڕەین لەبارەی هێرشە موشەكییەكانی كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان”، هاوكات پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەڕێوەچووە.

پاش هێرشەكانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەڕێوەچوو.

سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی نووسیویەتی، “له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئانتۆنی بڵینكن، باسی هێرشه‌ ترسنۆكه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێرمان كرد و جه‌ختمان له‌ هه‌ماهه‌نگیکردنی به‌رده‌وام کردەوە، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران”.

هاوكات نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوای هەماهەنگیی لە نێوان هەولێر و بەغداد كرد.

جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات، لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاندووە، “سەركۆنەی هێرشە موشەكییە بكوژانەكەی سەر هەولێر دەكەین، ئەم جۆرە كارە توندڕەوییانە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری، پێویستە عێراق لە دەستوەردانی دەرەكی بپارێزرێت، داوای دانبەخۆداگرتن و هەماهەنگیی تەواوی نێوان هەولێر و بەغداد دەكەین بۆ ئەوەی تاوانیاران بدرێنە دادگا”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستی: 138 کەسی دیکە توشی کۆرۆنا بوون

بابەتی دواتر

ناتۆ پلان بۆ زیادكردنی سەربازانی لە عێراق لە 500 بۆ 5000 دادەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی: دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە چەند دوكانێكیان لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڕیبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی ناو بازاڕی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە زیاد لە…
Total
0
Share