دژەتیرۆری كوردستان ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە کە موشەکەکانی ئاڕاستەی هەولێر کردبوو.
لە ڕاگەیەندراوێكدا دەزگای دژەتیرۆری كوردستان ئاشكرایكرد، “دەزگا ئەمنییەکان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە کە موشەکەکانی ئاڕاستەی هەولێر کردبوو.”
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەكی ئەو ئۆتۆمبێلەی كە وەك سەكۆی هەڵدانی موشەكەكان بەكارهێنراوە، دژەتیرۆری كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، “دوابەدوای هێرشە موشەکییەکەی شەوی دووشەممەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان توانییان ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزنەوە کە موشەکەکانی ئاڕاستەی هەولێری پایتەخت کردبوو.”
دەزگای دژەتیرۆر ڕاشیگەیاندووە كە دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، زانیاریی زیاتر دەخاتەڕوو.