هیومان ڕایتس وۆچ: 83 وڵات کۆرۆنایان بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی ناڕەزاییەکانی بەکارهێناوە

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات ڕایگەیاند کە لانیکەم 83 وڵات کۆرۆنایان وەک هەلێک بەکارهێناوە بۆ کپکردنەوە و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکانی وڵاتەکانیان، هەروەها لە دوای کانونی دووەمی 2020ەوە یاسای سەرکوتکردنیان بەکارهێناوە بۆ ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین.

لە ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچدا هاتووە، “ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی و ئەوانەی لە بواری پزیشکییدا کاردەکەن زۆرترین ئەو توێژانەن کە کراونەتە ئامانج لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا”.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، “هەندێک لە وڵاتان کاریان بەو ڕێکارانە کردووە کە نەتەوەیەکگرتووەکان دەستکراوەیکردوون بۆ ڕوبەڕوبوونەی پەتاکە و حاڵەتە کتوپڕەکان و هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی پەتاکەوە دروستبوون، بەڵام بەشێک لە حکومەتەکان ئەم هەنگاوەیان بۆ ڕێگریکردنی ڕۆژنامەنوسان لە گەیشتن بە زانیارییەکانی پەیوەست بە پەتاکە بەکارهێناوە، هەروەها ڕێکارەکانیان وەک ڕێگرییەک بۆ پەیڕەوکردنی مافی خۆپیشاندان لەلایەن هاوڵاتییەکانیانەوە بەکارهێناوە”.

لەوبارەیەوە جیری سیمپسۆن، یاریدەدەری بەڕێوبەر لە بەشی قەیران و ناکۆکییەکان ڕایگەیاند، “ژمارەیەک لە حکومەتەکان هەندێک یاسای نوێیان دەرکردووە بەبەکارهێنانی وشە و مەرجی ناڕوون بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەندێک لە زانیارییە شۆکهێنەرەکان”.

ئاماژە بەوەکراوە لە چین دەسەڵاتداران بە خێرایی کەوتنە کۆتکردن و چاودێریکردنی پزیشکان و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان کە یەکمجار بوونی ڤایرۆسەکەیان ڕاگەیاند.

لە مانگی ڕابردوودا حکومەتی پەکین کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی 17 هەزار کەسی ڕاگەیاند کە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەستگیرکرابوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی فشاری لە حکومەتی چین کردووە بۆ ئازادکردنی سەرجەم ڕۆژنامەنوسان و ئەو زیندانیانەی کە لەماوەی پەتاکەدا و بەهۆی زانیارییەکانی پەتاکەوە دەستگیرکراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە وڵاتانی ئەفریقی زۆرترین حاڵەتی دەستگیرکردن و ڕێگریکردن و کۆتوبەندکردنی زانیاریی و ئازادی رادەربڕینی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تێدا تۆمارکراوە.

راپۆرتەکە دەڵێت، “هەندێک لەو ڕێکارانەی بەشێک لە حکومەتەکان  بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گرتویانەتەبەر، پەیوەندی بە کۆرۆناوە نەبووە و بۆ خنکاندنی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەیان بەکاریانهێناوە”.

بابەتی پێشتر

داوا دەكرێت بە فەرمیی ناڕەزایەتی لەبارەی چاوپێكەوتنەكەی "ڕەغد"ەوە بگەیەندرێتە دوو وڵات

بابەتی دواتر

ئەمریکا کاروانێکی دیکەی هاوکاریی سەربازی گەیاندووەتە ڕۆژئاوا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share