ڕوسیا: كیێڤ ڕێگرە لەوەی هێزە گەمارۆدراوەكانی لە ماریۆپۆل خۆیان ڕادەستبكەن

ژمارەیەك لە هێزەكانی ئۆكرانیا لە كارگەیەكی شاری ماریۆپۆل گەمارۆدراون و بەرگریی ڕوسیا دەڵێت، حكومەتی كیێڤ ڕێگرە لەوەی دانوستان بۆ خۆڕادەستكردنیان بكەن.

ئیگۆر كۆناشینكۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاماژەی بە دوایین دەستپێشخەری كرد كە شەوی ڕابردوو لەلایەن وڵاتەكەیەوە خراوەتە بەردەم دوایین چەكدارانی سەر بە حكومەتی ئۆكرانی كە لە كارگەی (ئەزوڤستال) گەمارۆدراون دەربارەی فڕێدانی چەك و خۆڕادەستكردن بەمەبەستی ڕزگاركردنی گیانیان.

وتیشی، “بەڵام سیستمی نەتەوەیی كیێڤ، بەپێی پەیوەندییە لاسلكییە گوێلێگیراوەكان، ڕێگریلێكردن لە ئەنجامدانی هەر وتووێژێك دەربارەی ئەگەری خۆڕادەستكردن و، فەرمانی بە كەتیبەی (ئەزوف) داوە دەستوبرد تەقە لە هەموو ئەوانە بكەن كە دەیانەوێت چەك فڕێبدەن”.

كۆناشینكۆڤ ئاماژەی بەوەكرد چەكدارە گەمارۆدراوەكانی (ئەزوڤستال)، بەپێی وتەی ئەو سەربازانەی خۆیان ڕادەستی هێزەكانی ڕوسیا و كۆماری دۆنیتسك-ی میللی كردووە، لە ئێستادا نزیكەی 400 چەكداری بیانین و زۆرینەیان خەڵكی وڵاتانی ئەوروپا و كەنەدا-ن.

دوێنێ ڕوسیا كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی شاری ماریۆپۆل-ی سەر دەریای ئازۆف جگە لە كارگەی (ئەزوڤستال) ڕاگەیاند.

شەوی ڕابردووش وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاگربڕی لە بەیانی ئەمڕۆوە ڕاگەیاند، تا هەلی خۆڕادەستكردن بە هێزە گەمارۆدراوەكەی ئۆكرانیا بدات.

لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا هۆشداریدا لەوەی كوژرانی دوایین سەربازانی وڵاتەكەی لە ماریۆپۆل دەبێتەهۆی سنووردانان بۆ دانوستانەكانی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ.

بابەتی پێشتر

بانكی ڕەشید قەرز دەدات بە فەرمانبەرانی گرێبەست

بابەتی دواتر

پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە بۆ كریستیانەكانی هەرێم و عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share