سەبارەت بە دەستگیركردنی ژمارەیەك چالاكوان و ڕۆژنامەنوس لە پارێزگاكە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاندووە، “هەموو ئەوانەی لە پارێزگا دەستگیركراون بە بڕیاری دادگا بووە”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمشەو 14ی شوبات بە ناوی نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆكەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، “ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین لەگەڵ سیخوڕی و قاچاخچێتی و فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بە گروپە چەكدارەكان جیاوازە”.
لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “هەموو ئەو كەسانەی لە پارێزگای دهۆك دەستگیركراون بە بڕیاری دادگا بووە، هەر دادگاش بڕیار لە چارەنوسیان دەدات”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاوڵاتییان گرنگترین ئەركی حكومەتی هەرێمە، كە لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێ دەكرێت”.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆك ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە پارێزگای دهۆك پارێزبەندیی سیاسی لەسەر ئەندامی هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، كە سەرپێچی یاسا بكەن ڕوبەڕووی یاسا دەكرێنەوە”.
باس لەوەشكراوە، “لە پارێزگای دهۆك یاسا سەروەرە و لایەنە سیاسییەكان جێی دادگا و كادرە سیاسییەكان جێی دادوەرەكان ناگرن”.
ئەو ڕاگەیەندراوە پاش ئەوە هات، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ڕایگەیاند، “ئەنجومەنی سەركردایەتی، سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانی كردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە ڕۆژنامەنوسان، چالاكانی مەدەنی، كادیرانی یەكێتی و حزبەكانی تر”.