هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی شوبات ڕایگەیاند کە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ یەکلایی دەبیتەوە و کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پرۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانی کۆتاییەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا هەیسەم جبوری ڕایگەیاند، “لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆتایی بە کارەکانی داڕشتنەوەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021 هێنا کە لە 10ی مانگی ڕابردوودا ڕادەستمانکرابوو”.
سەرۆکی لیژنەی دارایی دەڵێت، “لیژنەی دارایی 48 کۆبوونەوەی لەسەر پرۆژەیاساکە کردووە لە ماوەی 523 کاتژمێردا ئەنجامداوە و میوانداریی سەرجەم وەزیرەکانی دەوڵەتی کردووە لەوبارەیەوە، هەروەها میوانداریی سەرجەم سەرۆکەکانی دەزگاکان، بەڕێوبەرە گشتییەکان، پارێزگار، دەستەکان، شارەزایان و پسپۆڕان و چاودێران و ئەکادیمییەکانی ئابووریی و توێژە جیاوازەکانی کەرتی تایبەت کردووە”.
هەیسەم جبوری سەبارەت بە دۆسیەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق وتی، “لیژنەی دارایی ئەو دۆسیەی بەشێوەیەکی هونەری و پیشەیی چارەسەرکردووە، دوور لە هەر دەستێوەردان و لایەندارییەکی سیاسی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەماهەنگی نێوان چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەرجەم زانیاری و داتاکان خراونەتەڕوو، وەزیری نەوت چەندینجار بەشداریکردووە و چەند بژاردەیەک دانراون کە تێیدا مافەکانی سەرجەم گەلی عێراق پارێزراوە و هەردوولا لەسەری ڕەزامەندن.
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان باسیلەوەکرد، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەتەواوی یەکلایی دەکرێنەوە و کۆتایی هەفتەش دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە دەدرێت.
ڕاشیگەیاند کە لیژنەکەیان کورتهێنانی لە بودجەدا لە 77 تریلیۆن دینار بۆ 26 تریلیۆن دینار کەمکردووەتەوە و هەروەها خەرجی وەبەرهێنانی لە %16ەوە بۆ %24 بەرزکردووەتەوە.
هەیسەم جبوری ڕونیکردووەتەوە، “میزانییەی تایبەت بە پارێزگاکان و پرۆژە ڕاگیراوەکان دابینکراوە، هەروەها بڕی 400 ملیار دینار بۆ بەندەری فاو دابینکراوە، هەروەها لە بودجەی پترۆ دۆلار یەک تریلیۆن دینار بۆ پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت دابینکراوە”.