وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆرۆناوە هۆشداری دەدات

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 13ی شوبات ڕایگەیاند کە لەسەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بە بەرپرسیارێتییەوە ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویستمان لە هەرێمی کوردستان گرتەبەر کە بووبەهۆی کەمکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێم, بەڵام ئێستا هاوڵاتییان باس لە نەمانی دەکەن، بۆیە هۆشداری لە دووبارە بەرزبوونەوەی ئامارەکان دەدەین.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، “لەگەڵ كەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا کە ڕێکارەکان و خۆپارێزی هۆکاری سەرەکی بوو هەم لە دواخستنی تەشەنەکردن و زوو کۆنترۆڵکردن و هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوە، بەڵام بەداخەوە هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتیمانیان وا دروستبووە گوایە نەخۆشی كۆرۆنا نەماوە و مەترسیی ئەم ڤایرۆسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان”.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بە هۆکارەکانی ئەو دەنگۆیانە کردووە و دەڵێت، “ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستبووە دژی ئەم ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە ئەمە جیا لەوەی خەڵكانێك هەر لەسەرەتاوە باوەڕیان بەبوونی ڤایرۆسەكە نەبووە بەمەش نەوەستان بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكیان ڕادەكێشا و بابەتی تریان دەبەستاوە بە پرسی كۆڕونا و دژی ئەو ڕێكارانە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان دەیگرتە بەر”.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە ئێستاش كە ژیان ئاسایی بۆتەوە لە کردنەوە هەموو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی تر بەڵام بەداخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدوورکەوتنەوە.

لەوبارەیەوە وەزارەتی تەندروستی هۆشداری لە ڤایرۆسەکە دەدات و دەڵێت، “وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن”.

داواش لە هاوڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنرێت.

بابەتی پێشتر

ئەندامانی نوێی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان هەڵبژێردران

بابەتی دواتر

بەرپرسێكی دیكەی گۆڕان دەستی لەكاركێشایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share