“هەولێر و بەغداد نزیكن لە ڕێككەوتن”

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، هەولێر و بەغداد نزیكن لەوەی ڕێكبكەون، باسی لەوەش كرد، ترسیان هەیە پێكدادانی چەكداری لە عێراق ڕوبدات.

ستیڤن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد شەوی ڕابردوو 10ی شوبات لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا لە كەناڵی شەرقییەی عێراقی، سەبارەت بە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، ئاشكرایكرد، “گرنگە ڕێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد هەبێت، ئەوەی ئێمە قسەمان لەگەڵ دۆستەكانمان لە هەردوولا كردووە، نزیكن لەوەی ڕێكبكەون و جیاوازیی زۆر لەنێوانیاندا نەماوە”.

ستیڤن هیكی ئەوەشی وت، “هیوادارم دوای ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بودجەی گشتی، هەلێكی گەورەتر بێتە پێش بۆ ئەوەی كێشە سیاسییەكانی نێوانیان و سەرجەم كێشەكانی دیكەش چارەسەر بكەن، لەنێویاندا ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ نمونە لە شەنگال و كەركوك”.

“ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد لەسەر بودجە هەنگاوێكی بنەڕەتی زۆرباشە بۆ بونیادنانی ڕێككەوتنی دیكە”، وەك باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی پێكرد.

لە وەڵامی پرسیارێكی پێشكەشكاری بەرنامەكە سەبارەت بە بوونی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و بەریتانی بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، هیكی وتی، “پێموایە بەریتانیا هەوڵێكی لەو جۆرە دەكات، چونكە پەیوەندییەكی مێژووییمان لەگەڵ بەغداد و هەولێریش هەیە، هەروەها لە هەموو ئاڵەنگارییەكانیش تێدەگەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “پەرۆشییەك لەلایەن مستەفا كازمی و مەسرور بارزانی-یەوە هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان”.

ڕاشیگەیاند، “مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان واشنتن و تاران و سەقامگیری لە عێراق”.

لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد نەیشاردەوە، “ترسی ئەوەمان هەیە پێش هەڵبژاردن لە عێراق پێكدادانی چەكداری لە وڵاتەكە ڕوبدات”.

بابەتی پێشتر

داهاتی تویته‌ر له‌ 2020دا سێ ملیار و 720 ملیۆن دۆلار بووه‌

بابەتی دواتر

نرخی نەوت دوای بەرزبوونەوەیەکی زۆر جارێکی دیکە دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عێراق مووچەی مانگی 11 دابەشدەكات

وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، دەستكراوە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی خانەنشینان بەو 100 هەزار دینارە زیادەیەشەوە كە حكومەتی…
Total
0
Share