كێ هەڕەشەكانی دەباتەسەر كازمی یاخود میلیشیاكان؟

دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق ئاڵۆزییەكی تری تێكەوتووە و لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا چەند ڕوداو و گۆڕانكارییەك هاتوونەتە ئاراوە. لەلایەك سەردانی شاندێكی ئێران بۆ بەغداد، لەلایەكی تریشەوە بڵاوكردنەوەی هێزی چەكدار و میلیشیا لە بەغداد و چەند شارێكی تر، هاوكاتی ئەوانەش، پەیامە توندەكەی سەرۆكوەزیران.

ڕوداوەكان بە سەردانە سێ ڕۆژییەكەی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران كە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 9ی شوبات گەیشتە عێراق، دەستیانپێكرد. ئیبراهیم ڕەئیسی، كە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە،  بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای وڵاتەكەی گەیشتووەتە بەغداد و وەك میدیای فەرمیی ئێران ئاشكرایكردووە، ناوبراو لە ماوەی سێ ڕۆژدا لەگەڵ كاربەدەستانی عێراقدا كۆدەبێتەوە، لەنێویاندا فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.

هەر دوێنێ دووشەممە، وتەبێژێك بەناوی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، “پیلان هەیە كە شوێنە پیرۆزەكانی عێراق بە ئامانج بگیرێن و هێرشیان بكرێتەسەر”.

دوای ئەو لێدوانە و لە شەوی دوێنێدا، هێزەكانی سەرایا سەلام كە سەر بە موقتەدا سەدرن، لە بەغداد و كەربەلا و نەجەف بڵاوبوونەوە و نمایشی سەربازییان كرد و دواتر لە چەندین شەقام و یەكتربڕ و شوێنی گشتییدا جێگیربوون، بە پاساوی پاراستنی دۆخی ئەمنی و ڕێگرییكردن لە دروستبوونی مەترسی لەسەر شوێنە پیرۆزەكانی ئەو پارێزگایانە.

هاوكاتی بڵاوبوونەوەی هێزەكان، ژمارەیەكی زۆر لەلایەنگرانی تری موقتەدا سەدر، لەبەردەم ماڵەكەی ناوبراودا گردبوونەوە و تا درەنگانی شەو مانەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ ناوبراو دووپاتكردەوە.

بە بڕوای بەشێك لە چاودێران و چالاكوانان، ئەو جموجۆڵە سەربازییەی لایەنگرانی سەدر، زیاتر لەوەی پاساوی ئەمنی لەپشتەوە بێت، مانۆڕێكی سیاسیی سەدر و بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەوڵێكی ناوبراوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتر، هەروەها كێشكردنی سۆزی شەقامی شیعی بەتایبەت لەڕووی ئایینی و مەزهەبییەوە.

لای خۆیەوە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، پەیامێكی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لەڕێگەی تویتەرەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “دەستبەرداری بونیادنان و شكۆی دەوڵەت نابین و دەسكەوتی زۆرمان هەبووە.”

سەرۆكوەزیرانی عێراق وتیشی، “هەڵبژاردن هەنگاوێكی نیشتمانییە و پێویستی بە هەماهەنگیی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە.”

لە بەشێكی دیكەی تویتەكەیدا، كازمی جەختیكردووەتەوە لەوەی “بونیادنان بە زیادەڕۆییكردنە سەر پیرۆزییە ئاینی و نیشتمانییەكان و لێدانی دامەزراوەكان و ڕێگاگرتن ناكرێت، چاوپۆشی لە زیادەڕۆكاران ناكەین.”

سەرباری ئەوەی كازمی هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە شكۆی دەوڵەت دەپارێزن و ڕێگە بە دیاردەی چەكداری و بڵاوبوونەوەی چەك لە دەرەوەی هێزەكانی دەوڵەت نادەن، كەچی ناوبەناو میلیشیاكان لەناو خوودی پایتەختدا بڵاودەبنەوە، تەنانەت هەندێك جار بڵاوبوونەوەی بۆ دژایەتیكردنی خوودی كازمی و خۆسەپاندنە بەسەر حكومەتەكەیدا، وەك ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی دەزگای ئاسایشی حزبوڵای عێراق هەڕەشەی “گوێبڕین”ی لە مستەفا كازمی كرد و دواتر هێزێكی زۆری ئەو گرووپە چەكدارە لە بەغداد بڵاوبوونەوە و نمایشی سەربازییان كرد.

بابەتی پێشتر

لە دوو پارێزگای عێراق "24 چەكداری داعش" دەستگیر كران

بابەتی دواتر

وێنە.. ڕێوڕەسمی ناشتنی ژنێکی نیپاڵی لە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share