عێراق.. وڵاتێك بە سێ دەسەڵاتی پەكخراو و ماوە تەواوبووەوە

وڵاتێك بە سێ دەسەڵاتی پەكخراو و ماوە تەواوبووەوە، قەیرانێكی دژواری سیاسی و خۆپیشاندان بەڕێدەكات، ئەمە دۆخی ئێستای عێراقە، وڵاتێك كە ماوەی 10 مانگ و نیوە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجامداوە لە پێناو چارەسەركردنی گرفتی سیاسی و كێشەی حوكمڕانی، كەچی هێشتا پارت و لایەنەكانی نەیانتوانیوە حكومەتی نوێ پێكبهێنن و ماوەی دوو ساڵە حكومەتێكی كاتی كە ئێستا بووە بە كاربەڕێكەر، كاروباری وڵاتێكی 40 ملیۆن كەسی بەڕێوەدەبات.

نەسازان و ترازان

دوای ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 و دەستپێكردنی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، زۆری نەخایاندا لایەنە سەرەكییەكانی كایەی سیاسیی عێراق و بە تایبەت دوو لایەنەكەی شیعە “ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی”، كەوتنە ململانێیەكی سەختی یەكدی و هیچیان نەیانهێشت ئەوی تریان بە هاوبەشیی هاوپەیمانەكانی حكومەت پێكبهێنێت، سەرئەنجام دڕدۆنگی و ناكۆكییەكانی نێوانیانیان گەیاندە ڕادەی جووڵاندنی شەقام دژی یەكدی و ئەوەش پەكخستنی دوو لە چوار دەسەڵاتە سەرەكییەكەی لێكەوتەوە.

پەكخستنی دەسەڵاتەكانی یاسا و یاسادانان

ئەگەرچی دوای بێهیوابوونی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتێك بەبێ بەشداریپێكردنی لایەنەكەی دیكەی شیعە، موقتەدا سەدر جاڕی دا كە دەستی لە پرۆسەی سیاسیی كشاندووەتەوە و ڕێگا تەختە و زەمینە سازە بۆ ئەوانی دی حكومەت پێكبهێنن و تەنانەت پەرلەمانتارەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەران كشاندەوە، كەچی دوای ماوەیەكی كەم لایەنگرانی ناردە سەر شەقام و ئەوانیش بە خۆپیشاندانەوە نەوەستان، بەڵكو چوونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران و كارەكانی دەسەڵاتی یاسادانیان پەكخست.

بەرپرسی نووسینگەی موقتەدا سەدر بۆ ئێستا: هیچ بەرەوپێشوونێكمان لەگەڵ چێوەی هەماهەنگیدا نییە

دوێنێ سێشەممە لایەنگرانی سەدر چوونە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هەنگاوێك كە ئەنجومەكەی تووڕەكرد و بەوەش دەسەڵاتی یاسایی و دادوەری كارەكانی خۆی هەڵپەسارد و كاری دادگاكان و دادگای فیدراڵیی ڕاگرت.

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، “سەید ئیبراهیم جابری” بەرپرسی نووسینگەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ڕەتیكردەوە هیچ بەرەوپێشچوونێك لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ چێوەی هەماهەنگیدا بەدیهاتبێت و وتی، “پرسەكان وەك خۆیان ماونەتەوە، هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ لە ئارادانییە”.

جابری كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی هەڵسووڕاندن و ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدرە، جەختیكردەوە كە بەردەوامن لە خۆپیشاندان و لە گۆڕەپان و شوێنەكانیان ناكشێنەوە.

بابەتی پێشتر

توانا كەمال: دەستگیرنەكراوم و هەر كارێكم كردبێت بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان بووە

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە پێشنیازی ئاڵوگۆڕێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ دۆرتمۆند کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مه‌كگۆرك چی بۆ عێراق و هەرێم پێبوو؟
لە هەرێمی كوردستان تەنها لەگەڵ یەكێتی و سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە

دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی ‏نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری ‏خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندێكی ‏یاوەری،…
Total
0
Share