سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێموایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا کارێکی شەرمەزارکەرە و هەڵەی ساڵی 2011 (سەرهەڵدانی داعش) دووبارەدەکاتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە لەئێستادا خاوەنی هیچ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی نین و ناتوانین بیکڕین، چونکە دەبێت لە ڕێگەی بەغدادەوە بێت، ئێستاش ئەمریکا بەبێ سیستمی بەرگری بەجێمان دەهێڵێت.
وتیشی، ناجێگیریی ناوچەکە و چەکدانەنانی گرووپە چەکدارەکان، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر قەوارەکەمان؛ هاوکات تا ململانێی ئەمریکا و ئێران بەردەوامبێت، ئێمە لەژێر هەڕەشەدا دەبین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەر هێڵ بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە، نەک چاوەڕێ بکەن تا دۆخەکە لەمەی کە هەیە خراپتر ببێت.