ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان %14.14ـیە و ڕێژەی %12.68  ڕەتدەکەینەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە کە پێویستە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور دابڕێژرێت و دەشڵێت، “ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان %14.14ـیە و ڕێژەی %12.68  ڕەتدەکەینەوە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و کەمێک لەمەوبەر، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، هەر یەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2027-2026 پێشکەشکرد و ئامادەکارییە پەروەردەیی، زانستی، کارگێڕی و تەکنیکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی پرۆسەی خوێندنیان خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، وەزیری پەروەردە ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی خوێندکاران(PISA) و ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ بەشداریی لەم هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییە خستەڕوو، کە ئامانجی هەڵسەنگاندنی توانای خوێندکاران و ئاستی سیستمی پەروەردەیی لە بوارە سەرەکییەکانی خوێندنەوە، بیرکاری و زانست و بەراوردکردنی ئەنجامەکان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی لە PISA و سوودوەرگرتن لە ئەنجامەکانی بۆ ناسینەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی سیستمی پەروەردەیی و داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەکانی چاکسازی و بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن کرد.

دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەشێوەیەکی ڕێکخراو کردەوە و ڕاسپاردە پێویستەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی قوتابخانە، زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندن دەربڕی.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە نووسراو و بڕیارەکانی ئەمدواییەی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی 2024 خستەڕوو، بە تایبەتی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە %12.68 دیاری کردووە.

ئەنجومەنی وەزیران، ئەم ڕێژەیە ڕەتدەکاتەوە، لەبەرئەوەی ئەنجامی ڕەسمی و پەسەندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە %14.14 دیاری کردووە.

لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ بەڕێوەچووە و میکانیزم و ڕێکارەکانی ئەو پرۆسەیەش دواتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەندکراون.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی پلاندانان، وەزارەتی داد و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد، بە هاوئاهەنگی، هەموو ڕێکارە دەستووری، یاسایی و دادوەرییەکان بگرنەبەر بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێژەیە و پابەندبوون بە ئەنجامی ڕەسمی و پەسەندکراوی سەرژمێری، بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتن و میکانیزمە هاوبەشانەی کە لەنێوان هەردوو حکومەتدا لەسەر شێوازی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی 2024 ڕێککەوتنیان لەسەرکراوە.

هەروەها، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دیاریکردنی ڕێژەی ڕاست و ڕەسمیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی بنەڕەتییە؛ چونکە ئەم ڕێژەیە تەنيا پەیوەندیی بە دیاریکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵ و دابەشکردنی داهات و خەرجییە گشتییەکانەوە نییە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بەشداری و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەن و دەستە هەڵبژێردراوە فیدڕاڵییەکان، سەرۆکایەتی و دامەزراوە و دەستە دەستووری و فیدڕاڵییەکان و هەروەها نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی عێراق لە دەرەوەی وڵات هەیە.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەدا، ئەندامانی وەفدی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی شاندیان لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی، بەتایبەتی وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوت، خستەڕوو؛ هەروەها ئەو گفتوگۆیانەی کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی داراییی 2027 ئەنجامدراون.

وەفدەکە وردەکاریی گفتوگۆکان و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێگیرکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 خستەڕوو، بەتایبەتی لە بابەتی مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران، دیاریکردنی پشکی هەرێم، خەرجییە سیادی و حاکمەکان و شێوازی هەژمارکردنیان، قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، داهاتی نەوتی و نانەوتی و پشک و بەشداریی هەرێم لە خەرجی، پڕۆژە و بەرنامە فیدڕاڵییەکان.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بڕگەیەدا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەو کۆت و بەند و مەرج و پابەندییانەی ناو بڕگە و ماددەکانی یاساکانی بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی ساڵانی پێشووی خستەڕوو، کە لە جێبەجێکردندا بوونەتە هۆی کەمکردنەوە یان ڕێگری لە بەدەستهێنانی تەواوی شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بە بەکارهێنانی پێوەری «خەرجکردنی ڕاستەقینە» (الإنفاق الفعلي) لە هەژمارکردنی پشکی هەرێم، زیادبوونی بڕگە و قەبارەی خەرجییە سیادییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم خەرجییانە لە کۆی گشتیی خەرجییەکانی دەوڵەت کرد، کە لە ساڵانی پێشوودا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر قەبارەی پشک و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە.

هەروەها، ئاماژە بە بەستنەوەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم کرا و جەختکرایەوە کە مووچە شایستەیەکی دارایی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە؛ بۆیە پێویستە ماف و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکسانی و بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دابین بکرێت و مووچەکانیان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خەرجبکرێت.

ئەمەش لەگەڵ ناوەڕۆک و بنەماکانی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی شوباتی 2024 یەکدەگرێتەوە، کە جەخت لەسەر پاراستنی ماف و شایستەکانی مووچەخۆران و یەکسانیان دەکاتەوە و بە ڕوونی جەختی لەوەکردووەتەوە کە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، نابێت ببێتە هۆی دواخستن یان پەکخستنی مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بەمەبەستی ئەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان و بڕیارە پابەندکەرەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دابڕێژرێت و پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون و دادپەروەرانە تێیدا جێگیر بکرێت؛ هەروەها جەختکرایەوە کە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی بودجەدا، ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و ناکۆکییە دارایی، نەوتی و یاساییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نابێت ببنە هۆی دواخستن یان پەکخستنی مووچە و شایستەکانیان.

ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بێ جیاوازی كردەوە، بۆ داکۆکیکردنی هاوبەش لە پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیی 2027 و پێویستیی یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی نێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەم بابەتەدا بە گرنگ زانی.

لە کۆتاییدا، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە لە ساڵی 1969ـدا، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی کریستیان (کلدان) و موسڵمانی گوندەکەی کۆمەڵکوژ کرد.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share