کاروان ئەنوەر: بڕیاری لابردنی سێ سفرەکە لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتیی شۆڕش دەچێت

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی لە هەژماری فەیسبووکی خۆی ئەم نووسینەی بڵاوکردووەتەوە:

مامە پیرەیەک، پریاسکەیەکی چڵکنی لە بەردەممدا دانا، وتی: چیم لێدەکەیت؟ فریامکەوە.. چییە خاڵە گیان؟ دەستی بۆ توورەکەکە درێژ کرد، قوڕگی وشک بوو، کە دەمی توێشەبەرەکەم کردەوە، چیم دی؟؟ سێ بەستەی 25 دیناریی بەستراو، لە جۆری سەدامی و سێ ئەسپەکە، لەگەڵ نیو بەستەی تریش هەر لە بیستوپێنجی، وتم ئەمە ھی کێیە؟ وتی ئەوە بەری ڕەنج و شەونخونیی 70 ساڵی ئەو ڕیشە سپییەیە، تەمەنێکی دوورودرێژە، بە بنێشتکردن، قاچاخچێتی ئەمدیو و ئەودیو، شوانی و گاوانی و ئاژەڵداریی… قوڕگی پڕبوو لە گریان.. بڕی پارەكەم زۆرباش لەبیرە، چونكە ھەمووم ژمارد، 8200 هەشت هەزار و دووسەد دینار بوو، لە جۆری (25 دیناریی)، سێ بەستەی سەدپارچەیی ھەر دانەیەکیان 2500 دیناربوو، لەگەڵ نیو بەستەی تر.. عەرزەوحاڵێكم بۆ نووسی بۆ قائیمقامیەتی هەڵەبجەی شەهید، جۆر و بڕ و وردەكاریم ئاراستەی لیژنەی تایبەت تۆماركرد.

ڕۆژێكیان لە هەنگاوێكی كتوپڕ و شۆكهێنەردا، ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕش، لە رۆژی 4/5/1993 دا بڕیاری ژمارە 79ی دەركرد كە پارەی (25 دیناری) بە پارەیەكی سوتاوو بێبەها ناساند، ئەگەر لەماوەی یەك هەفتەدا نەیگۆڕنەوە بە چاپە ناوخۆییەكە (طبع)، واتە تا رۆژی 10ی ئایار، سەرجەم پارەكانتان دەبنەوە كاغەز.

ئەم بڕیارە دێزانە بوو (تۆپینی خۆی و زەرەری خاوەنی) تەنها بۆ شكاندنی ئابوری خەڵكی كوردستان و ئەو وڵاتانەی پارەی عیراقیان لابوو، بەتایبەت ئوردن و وڵاتانی كەنداو، ئێران كەمتر، بڕیارێكی زۆڵانەش بوو بۆ دەرەوەی عیرا ق، چونكە عیراقی عەرەبی خۆیان ئەم پارەیان بەكارنەدەهێنا.. جا بزانە چی لەخەڵكی ئێمە قەوما، ئەو بەسەرهاتەی مامەپیرەكە لەسەرەتاوە باسم كرد، یەك لە مایەپوچبوونی خەڵكی داماوو رەشوروتی كوردستان بوو، دڵنیام هەریەك لە ئێوەش دەیان نموونەی تری هاوشێوەی لەیادو یادەوەریدایە..

لە ترۆپكی گرانی و برسێتیدا بووین، ساڵ ساڵی 1993 بوو، نان نەبوو كەس بیخوات، سەرماوسۆڵە، بێجلوبەرگ، بێموچە، ترس لەرژێمی بەغدادو ترس لە توركیا و لەئێران، خەڵك هەمووی گلەیی و گازەندەیان لە نەبوونی پێداویستی ژیان دەكرد، بێكاریی و بێكارەبایی و بێ هەموو شتێكی ژیان، وەك كەوی ناو قەفەس، جگە لە ئازادبوونێك، هیچ تروسكاییەكی تر نەبوو دڵمانخۆشبكات.. ئەو پارەیەی لە هەرێمی كوردستان بەكارمان دەهێنا، جیاوازبوو لە پارەی عیراق، بە پارەی ئێرە دەوترا (سویسری) جۆری كاغەزەكەی تەنها (5، 10، 25) دینارەكە بەكاردەهات، وردە ئاسنەكەش تەنها 1 دیناریی ئاسن لەكاردا بوو، ئیتر ئەوانی تر تەنها بۆ دیكۆر لە ماڵەكاندا مابوون لە (5، 10 ،25، 50، 100، 250، 500) فلس، كە ئەمانیش كەمترین بەهای نەختینەیان هەبوو، بۆیە لەكاركەوتبوون.. پێشتر سیستمی نەختیی عیراق زۆر بە وردی داڕێژرابوو، لەقۆناغێكدا بەهای پارەكەی لە بەهێزترین پارەكانی جیهان بوو، 1 دینار بەرانبەر 3.6 دۆلار بوو، سوپایەكی هەبوو دەیانوت پێنجهەمین سوپای جیهانە لە بەهێزیدا، بەڵام بەھۆی جەنگە نەگریسەكانی رژێمەکەی سەدام لە 1963 جەنگی بەردەوام لەگەڵ كورد تا 1991، جەنگی (ئێران-عیراق) کەنداوی یەکەم لە 1980تا 1988، پاشان جەنگی کوەیت ناسراو بە جەنگی کەنداوی دوەم1990-1991، کۆتاییەکەشی جەنگی (كەنداوی سێهەم) ئازادکردنی عیراق2003، کە بەكۆی ئەم جەنگانە، وڵاتەکەو خەڵكی وڵاتەکەشی خستە سواڵ و لەناو بازاڕی بەغداد بەبێ بەها پارەی عیراقی چاپدەكرد، بۆیە پێیان دەوت (طبع)..

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كە لەم رۆژانەدا باسوخواسی لادانی 3 سفرەكەی دیناری عیراق، زۆر گەرمە، گەر هاوشێوەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕش نەبێت، ئەوە لەهەندێك خاڵدا، هەر زۆر لەو بڕیارەوە نزیكە، چونكە لادانی سفرەكان وگۆڕینی پارە، بەمەبەستی دۆزینەوەی بڕێكی زۆر لەو 101 تریلیۆن دینارەی عیراقە، كە بەنەختی (كاغەز) چاپكراوە، كەچی جگە لە بڕی 11 تریلیۆن دینار نەبێت كە لای هاووڵاتیان لەناو بۆفیەو نوێنەكاندا هەڵگیراون، كەمێكیش لای حكومەت و بانكەكانە، ئەوی تر تا ئێستا بێسەروشوێنە و كەس نازانێت لەچ مەملەكەتێك و لە كوێدا هەڵگیراون!!؟؟

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە مامەڵەی ئۆتۆمبێلدا هاوڵاتییەكی هەڵخەڵەتاندووە
دادگای هەولێر ئامادە نییە سكاڵایەك دژی سەرۆكی پارتێكی توركمانی وەربگرێت

دادوەری لێكۆڵینەوە لە دادگای هەولێر ئامادە نییە سكاڵایەك دژی سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی وەربگرێت، كە هاوڵاتییەكی هەڵخەڵەتاندووە. محەمەد…
زیاتر ببینە

فارس عیسا: هەنگاوی یەکەم نراوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی…
Total
0
Share