دیموکراتەکان بەبێ پاڵپشتیی کۆمارییەکان پاکێجە 1.9 تریلیۆن دۆلارییەکەی بایدنیان پەسەندکرد

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی دیموکراتەکانی ئەو وڵاتە لە کۆنگرێس پاکێجی پاڵپشتیکردنی COVID-19یان پەسەند کرد کە بڕەکەی 1.9 تریلیۆن دۆلارە تاوەکو بایدن بتوانێت لە هەفتەکانی داهاتوودا دەستبکات بە جێبەجێکردنی پلانەکەی.

پاکێجەکە بە دەنگی زۆرینەی کۆنگرێس کە لە 219 دەنگ پێکهاتبوو، بەرامبەر 209 دەنگی ناڕازی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی پیران پلانەکەی پەسەندکرد کە بۆ یەکەمجارە دەنگی کامالا هاریسی جێگری سەرۆکیڤ ئەمریکا لە دەنگدانەکەی ئەنجومەنی پیراندا نەبێت.

لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن و گەورە بەرپرسانی دیموکراتەکان ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت پاکێجێکی پاڵپشتیکردنی گەورە لە خێراترین کاتدا جێبەجێبکەن بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی کۆرۆنا کە زیاتر لە 450 هەزار هاوڵاتی ئەمریکی بەهۆیەوە گیانیانلەدەستدا و ملیۆنان کەسیش بێکاربوون.

بایدن وتیشی سەبارەت بەو پاکێجە لەگەڵ کۆمارییەکان هەماهەنگی دەکەین و هەموو دەرگاکانی دانوستان لەنێوانماندا کراوەن.

بایدن وتیشی، “دوو بژاردەمان لەبەردەستە، بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لەسەر پاکێجی هاوکاریکردنی هاوڵاتییانی ئەمریکی کە بەسەختی کۆرۆنا کاریگەریی کردووەتە سەریان یان چوونە ناو دانوستانێکی دورودرێژەوە، لێرەدا هەڵبژاردن ئاسانە، ئێمە هاوکاریی ئەمریکییەکان دەکەین کە ئێستا گرفتارن بەهۆی کۆرۆناوە”.

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە بازاڕەکانیان کەموکڕی زۆری توشبووە و بەردەوام بەرەو خراپبوون دەڕوات، بۆیە پێویستمان بە ڕێکاری جیدیی و خێرا هەیە.

کۆمارییەکان، پاکێجێکی هاریکارییان بەبڕی 600 ملیار دۆلار پێشکەشکرد، ئەوەش بڕەکەی سێ هێندە کەمتربوو لە پاکێجەکەی دیموکراتەکان، تەنانەت هەندێک لە دیموکراتەکانیش لەبارەی پاکێجەکەی بایدنەوە هۆشدارییاندا کە بایدن خەرجییەکان لە بودجەدا زیاد دەکات.

بابەتی پێشتر

ئیدارەی نوێی ئەمریكا لە یەكەم پەیوەندی تەلەفۆنیدا هەڕەشە لە چین دەكات

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی هۆكاری ڕادەستنەكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share