کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، پەیامێکی ئاراستەی وەزیری نەوتی عێراق کرد.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێز (باسم محەمەد) وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ، لەبارەی کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، لێدوانێکی دابوو کە گوایە ئامادەن بەنزینی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکەن ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە، ڕادەستبکات.
لێرەدا بۆ ڕای گشتیی کوردستان و هەموو عێراق ڕوونیدەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم، هەمیشە داوای دادپەروەریی کردووە لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بە هەموو پێوەرەکانیش بەشی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ زیاتر لە دوو بەرامبەری ئەمەی ئێستایە. دیاریکردنی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بووە و بە خواست و ویستی ئێمە نەبووە.
بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە لە سەرووی هەموو شتێکە، بۆیە ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئامادەن گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکەن، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم، ئامادەین دانوستان بکەین و پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق دیاریبکرێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ستایشی هەڵوێستی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە بکەین کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای دادپەروەری و زیادکردنی پشکی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیان کردووە.