نزیکەى نیوەى مانگى حوزەیران تێدەپەڕێت و هێشتا مووچەى مانگى پێنج دابەشنەکراوە، سەرچاوەیەکى ئاگاداریش دەڵێت، هەردوو حکومەتى هەرێم و ناوەند بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو گرفتە چاوەڕوانى بڕیارى دادگاى فیدراڵین.
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە تۆڕى میدیایى ئێستاى راگەیاند، لەدواى هەوڵەکانى بەر لە جەژنى قوربان، هیچ کام لە حکومەتى ناوەند و حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیوەندى راستەوخۆیان بۆ چارەسەرى گرفتى مووچە ئەنجام نەداوە.
وتیشى، “لەئێستادا هەردوو حکومەت چاوەڕوانى فەرمان سالاریی دادگاى باڵاى فیدراڵى-ین دەربارەى چۆنیەتى چارەسەرى گرفتى مووچە، کە هەردوولا یەکترى بە کەمتەرخەمى و هۆکارى سەرهەڵدانى تۆمەتبار دەکەن”.
ئەگەرى هەیە و چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەن فەرمان سالارییەکە لە ناوەڕاستى ئەم هەفتەیەدا دەربچێت، سەرچاوەکە واى وت.
پێنجشەممەى رابردوو دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دواى کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵى، لە زارى تەیف سامی وەزیرى دارایی عێراقەوە رایانگەیاند کە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵییە و ناردنی مووچە پەیوەستە بە بڕیاری دادگاکەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پێشتر دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەڕووی یاساییەوە، کێشەی مووچە چارەسەر بووە و گرفتی هونەری و ئیداریی بۆ دروستکراوە؛ هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند، پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبوون و زەرەرمەندیش فەرمانبەرانن.
وتیشى، “دادگای فیدراڵی پێشتر پرسی مووچەی یەکلاییکردووەتەوە و باسیلەوەکردووە، دەبێت مووچەی فەرمانبەران تێکەڵاوی ململانێی سیاسی نەکرێت و مانگانە لەکاتی خۆیدا، وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق بدرێت”.
لە 14 تا 18ى ئایارى رابردوو مووچەى مانگى نیسانى مووچەخۆرانى هەرێم دابەشکرا و مووچەخۆران چاوەڕوان بوون بەر لە جەژنى قوربان مووچەى مانگى ئایاریش وەربگرن، بەڵام بەر لە جەژن وەزارەتى دارایى عێراق بە نووسراوێکى رەسمى راگرتنى پارەدارکردنى بە هەرێمى کوردستان راگەیاند و، تا ئەمڕۆش کە مانگێکى تەواو بەسەر دابەشکردنى مووچەى مانگى چواردا تێپەڕبووە، چارەنووسى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم نادیارە.