وەزارەتی پێشمەرگە: ئەژمارکردنی خزمەتی سەربازی و ئەمنیی ساڵێک بە دوو ساڵ پەسەندکرا

​وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت بە چۆنیەتیی ڕێکخستنی ماوەی خزمەت، ڕەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی ئەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) “دوو چەندانە” دەربڕی، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان دراوە.

​دەشڵێت، بەپێی ناوەرۆکی نووسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە،  وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە، ماوەی ئەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە 4ـی تەممووزی 1992، لە ڕاگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە ڕاژەکانیان، هەروەها پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ ئەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ تا 31ی کانوونی یەکەمی 2024 دیاریکراوە.

​ئەوەش دەڵێت، پڕۆسەی ئەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتیی بداتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەر پێشمەرگەیەک پێویستە %10ـی مووچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە شەش ملیۆن و 336 هەزار دینار، سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێک کە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاریی ڕەسمی بۆ ئەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات.

​سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا دەکات؛ بەجۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گواستراونەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، ئەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی ئەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share