پاش دیدارەکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.
وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی لە راِگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەمیانەی دیدارێكدا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا چەند پرسێكی هەستیان تاوتوێكران و دیدارەكە ماوەی سێ كاتژمێری خایاندووە و لەمیانەی دیدارەكەشدا ئۆجەلان ئاماژەی بەوەكردووە، “رێگایەكی هەزار كیلۆمەتریش بە هەنگاوی یەكەم دەستپێدەكات و لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە هەنگاوێكی درێژخایەن دەنێین بۆ چارەسەركردنی پرسێكی مێژوویی”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ئەم قۆناغەی ئێستا تێیداین لە بونیادنانی كۆماری توركیا گرنگترە و دەبێت بە هەمان جددییەتەوە كار بۆ بنیاتنانی كۆمارێكی دیموكراتیك بكرێت و تێگەیشتن لە پرسی كورد پێبنێتە قۆناغێكی باڵاترەوە و ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ گەلی كورد یان بەشێك لە كۆمەڵگە نییە، بەڵكو پێویستییەكی نیشتمانییە بۆ تەواوی هاوڵاتییانی توركیا و باكوری كوردستان”.
سەبارەت بەو دەرفەتانەی ئەم پڕۆسەیە دەیڕەخسێنێت، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕوونیكردووەتەوە، “پڕۆسەكە ڕێگە لە بەردەم گەشەسەندنی یاسای دیموكراتی و دەرفەتی ئابوری دەكاتەوە و كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی ناوچەكەش دەبێت”.