وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە 49 هەزار کۆچبەر سنوورەکانیان بەزاندووە و هاتوونەتە خاکی ناوچەی سێوتا و مێلیلە، هەروەها لانیکەم 18 کۆچبەریش بە هۆکاری جۆراوجۆر گـ.ـیانیان لەدەستداوە.
باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ حکومەت و پۆلیسی مەغریبدا لەسەر هێڵین تاوەکو دۆخەکە جڵەوگیر بکەین، لەلای خۆیانەوە، پۆلیسی مەغریب ڕێگریان لە سەدان کۆچبەر کردووە کە سنوورەکان ببەزێنن، هەروەها هەردوولا کۆکین لەسەر ئەوەی کە پێویستە بە زووترین کات ئەو کۆچبەرانەی کە بە نایاسایی هاتوونەتە ئیسپانیاوە، بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
ئاژانسی ڕۆیتەرزی بەریتانی سەبارەت بە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم کۆچە بە لێشاوەی مەغریبییەکان بۆ ئیسپانیا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، تا ئێستا حکومەت، دەسەڵاتدارانی مەغریب و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە ڕەسمی هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
ئەوەش هاتووە، لە چەند مانگی ڕابردوو دادگای باڵای ئیسپانیا بڕیاریدا کە هێزە ئەمنییەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ کۆچبەران بنێرنەوە وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام دواتر دادگای باڵای ئیسپانیا بڕیارێکی دیکەی دەرکرد و تیایدا هاتووە، نابێت ئەو کۆچبەرانەی لە ناوچەکانی سێوتا، مێلیلە و ناوچەکانی دیکەی باکووری ئەفریقان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، چونکە بـ.ـاندە مـ.ـافیاییەکان و ڕێکخراوە تاوانـ.ـکارییەکان لە ناوچەکەدا ئەو کۆچبەرانە دەچەوسێننەوە و تاوانیان بەرامبەر دەکەن، بۆیە دەبێت بپارێزرێن، ئەمەش دەرفەتی بە کۆچبەران داوە بە لێشاو کۆچ بۆ ئەو ناوچانە بکەن.
میدیاکانی ئیسپانیاش لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە، ئەو قەیرانەی کە ڕووی لە سنوورەکانی ئیسپانیا کردووە، پاش سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دێت بۆ جەزائیر، لەو سەردانەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی داهاتووی ناوچەکانی ڕۆژئاوای سەحارا کردووە، کە چەندین ساڵە جەزائیر و مەغریب ناکۆکی قووڵ لەنێوانیاندا هەیە سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکانی ڕۆژئاوای سەحارا، ئەمەش وایکردووە مەغریب وەک کارتێکی فشار، ئەمە بەرامبەر بە ئیسپانیا ئەنجامبدات و ڕێگەی بۆ کۆچبەران خۆشکردووە بگەنە ئیسپانیا.