بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەیەکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، لەمەودوا شێوازی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی عێراق دەگۆڕدرێت.
بەگوێرەی شێوازە نوێیەکە، لەمەودوا کاتی دەستکردن بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەگۆڕدرێت و لەبریی 16 و 17ـی مانگ، لە 27ـی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ڕێنمایی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە کە نابێت بەهیچ جۆرێک مووچەی مانگێک لە مانگێکی دیکەدا دابەشبکرێت و دەبێت پێش کۆتاییهاتنی مانگ تەواوی مووچەخۆران مووچەی ئەو مانگەیان پێبدرێت.
سەبارەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەو سەرچاوەیە لە بەغداد ئاماژەی بەوەدا، ڕێنماییەکە بەو جۆرەیە کە هەرکات حکومەتی عێراق لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی تەواوبوو، تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت و مووچە خەرجدەکرێت.