پاسپۆرتی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر تێچووی پاسپۆرت بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە باسیان لەوەدەکرد کە تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت کەمکراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی لەسەر زاری عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کەمکردنەوەی تێچووی پاسپۆرت بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو هەواڵانەی باس لە کەمکردنەوەی ڕسوماتی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دەکەن، هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە، نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ بڕیارێکی نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە لەو بارەیەوە دەرنەچووە.

ئاشکراشیکرد، ڕسوماتی پاسپۆرت ماوەی سێ ساڵە کراوەتە 91 هەزار دینار، ئەم نرخە پەیوەندی بە گرێبەستێکی 10 ساڵەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە هەیە، هەروەها ئەگەر حکومەت بیەوێت نرخەکە کەمبکاتەوە، دەبێت بۆ 7 ساڵی داهاتوو قەرەبوویەکی زۆری دارایی ئەو کۆمپانیایە بکاتەوە، ئەمەش وادەکات کەمکردنەوەی نرخەکە لە ئێستادا کارێکی قورس بێت.

لە کۆتاییشدا هاتووە، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا پێشنیازی پەرلەمانتارێک بووە بۆ حکومەت، نەک پڕۆژە یاسا یان بڕیاری حکومی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share