پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە لە سناپچات بە فێڵ 17 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین سکاڵای تۆمارکرد کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچات بە ئاکاونتێکی ساختە، بەناوی ئافرەتەوە، بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد و گۆڕینی دەنگ، بە پەیوەندیی خۆشەویستیی ساختە فریودراوە و بڕی (17هەزار دۆلار)ی لێسەندراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیانپێکرد.
دەشڵێت، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە دەستگیربکرێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و بە پشتبەستن بە ماددەی (456) لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.