شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین و لافاو ڕوو لە ناوچەکانمان دەکات.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە ئارادایە کە لە 12ی مانگەوە تا 24ی مانگ بەردەوامدەبێت، ئێستا لە نەخشەکاندا، هەردوو ڕۆژانی 15 و 16ی مانگ بەناجێگیرترین ماوە دەردەخات، کە لەو دوو ڕۆژەدا بارستەهەوایەکی زۆر شێدار ناوچەکانمان دەگرێتەوە.
وتیشی، لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا پێویستە هەموو لایەک ئاگاداربن، کە هەموو ئەگەرێک کراوەیە بۆ دروستبوونی هەورەبروسکەی توند، لافاوی خێرا و مەترسیدار، دابارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە، دروستبوونی گێژەڵوکەی گەورە، ئەگەری دروستبوونی هەورە سوپەرسێڵەکان دەبێت، دابەزینی بای توند کە ئەویش مەترسیدارە هەرچەندە کورتخایەن و کتوپڕ دروستدەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی هاتنی گەردەلولێکی بەرفراوانی خۆڵبارینیش دەکرێت، چاوەڕوانکراوە خۆڵبارینەکە زۆر چردەبێت و پێشبینیدەکرێت سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.