وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە بە ڕەسمی داوایان لێکراوە کە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی ‘ستارلینک’ لە سنووری هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕەسمی بخەنەکار.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش گۆڕینەوەی چەندین نامەی ئەلیکترۆنی لە نێوان هەردوولایەندا، کۆبوونەوەی ستافی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداربووانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئەنجامدرا.
ڕوونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بابەتە پەیوەندیدارەکانی کارکردنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و ڕێکارەکان گفتوگۆی لەسەرکرا. هاوکات، مەرج و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خرایەڕوو کە پێویستە ڕەچاو بکرێت لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە گەرمی پێشوازی دەکات لەم هەنگاوەی کۆمپانیای ناوبراو و پێویستە بەردەست بێت لە سنووری هەرێمی کوردستان.