بە تۆمەتی فێڵكردن نوسینگەیەكی “وەهمی”ی گەشتوگوزار دادەخرێت

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە تۆمەتی “فێڵکردن” نوسینگەیەكی گەشتوگوزار دادەخات و بە “وەهمی” ناویدەبات.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان، بەهۆی فێڵکردن و وەرگرتنی پارەیەکی زۆر بەناوی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتان، لیژنەکەیان نوسینگەی ریچپلان تراڤڵ “وەهمی” بۆ گەشتوگوزار لە گەڕەکی بەختیاری داخست.

وتیشی، “لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتان لەڕێگەی وێبسایت و ئۆنلاینەوە سەرجەم رێکارە یاساییەکانی وەرگرتنی ڤیزە و کڕینی تکتی فڕۆکە و کارەکانی دیکەی گەشتوگوزار راییدەکەن، بەڵام لە هەرێم و بەهۆی فێڵکردنی چەند شوێنێکی دور لە راستی (وەهمی) ناچارین داوا لە هاوڵاتیان بکەین تا دڵنیانەبنەوە، ئۆنلاین بۆ بەڕێکردنی مامەڵەکانی گەشت بەکارنەهێنن”.

بە وتەی ئەو، نوسینگەی ریچپلان تەنها ناوێک بووە، لە پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلامی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتان کردووە، بەڵام خاوەنی هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نەبووە و بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیزە بەبێ چاوپێکەوتن (مقابەلە) پاسپۆرتی هاوڵاتیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا هیچ جۆرە ڤیزەیەک بەو شێوە نادرێت کە ئەمەش تەنها ریکلام و فێڵکردنە لە هاوڵاتیان.

سەرۆکی لیژنەکان ئاماژەی بۆئەوەشکرد، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی نوسینگەی رچپلان راڤڵ دادەخرێت، هەروەها بەفەرمانی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی خاوەنی نوسینگەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

عێراق و توركیا لەبارەی نەوتی هەرێمەوە دوا بڕیاردەدەن

بابەتی دواتر

نێیمار دوو پێکانی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share