وێنە و ڤیدیۆ.. ئەو کەسانەی ئاڵای داعشیان لە شارەزور دانا دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایدەکات کە ئەو کەسانەی بەرپرسبوون لە دانانی ئاڵای داعش لە شارەزور و دانانی تەقینەوە لە بن ئاڵاکەدا دەستگیرکراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرەڕای دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەی کە تۆمەتباری سەرەکی دانانی ئاڵاکەی داعش بوون لە قەزای سەیدسادق، چەندین پلانی ئەو گروپەیان پوچەڵکردووەتەوە کە بنیازبوون لە پارێزگای سلێمانی و هەرێم ئەنجامی بدەن.

ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش بەم شێوەیەیە

دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش ، لەگوندی بەردەڕەش سەربەقەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن دەستگیردەکەن و پیلانێکی گروپێکی تیرۆریستی داعش لەناوچەکە ئاشکرادەکەن ، کە  مەرامیان بوون چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

هەر پەیوەست بەم پیلانە، شەوی ڕابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە دوو تیرۆریستی بە ڕەگەز عەرەب لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دەستگیرکران .

پاش ئەوەی رۆژی 25 / 12 / 2020 لە نزیک گوندی میرەدێ لەسەر رێگای سەرەکی ( قەزای شارەزوور – دەربەندیخان ) ئاڵایەكی داعش ھەڵکرا ، لەسەر بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ژورێکی لێکۆڵینەوەی ھاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، پێکھێنراو راستەخۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم کەیسە دەستیپێکرد و چەندتیمێک دەستبەکاربوون .

ئەوەبوو لەھەمان کاتی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە ، دوای یەک ھەفتە لەڕۆژی(  2 / 1 / 2021 ) لەنزیک گوندی بەردەڕەشە لە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن نزیک گوندی کانی سپیکەی پەرخ ، ئاڵایەکی تری تیرۆریستانی داعش بەھەمان شێوەی ئەوەی تر ھەڵکرابوو ، کە لەژێرەکەیدا عبوەی پێوەلکێنرابوو . لەکاتی ھەڵگرتنەوەیەدا دووکارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوو برینداربوون .

لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و بەدوو ئاڕاستە ، دوو تیمی لێکۆڵینەوەو سەربازی دەستبەکاربوون ، لەلایەک زانیاری کۆدەکرایەوە ، لەھەمانکاتیشدا کیوماڵی سنورەکە دەستپێکرد .

پاش چەند ڕۆژێک ماندووبوون و شەونخونی ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ( ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ) ، سەرەداو و بەڵگەی دروست بەدەستھاتن و زانیاری تەواو لەسەر شانەیەکی نەنستوی تیرۆریستی داعش  ئاشکراکران و ئەندامەکانیان ناسنامەو شوێن و جێگایان دەستنیشانکراو خرانە ژێرچاودێری ورد .

رۆژی  24/ 1 / 2021 پاش ڕەزامەندی دادوەر، بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ،  جوڵە بەھێزەکانی ئاسایش کراو لەچەند ھەڵمەتێکدا لە قەزای سەیدسایدق ھەر سێ تیرۆریست ( ج – ع ) و (ع – ع ) کەھەردووکیان برابوون لەگەڵ ( ع  – ع – ح )   دەستگیرکران کە پیلاندانەرو ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە بوون .

کە مەرامیان بووە دوای ئەم کردەوە تیرۆریستیانە ، چەند شوێن و جێگایەکی تر ی گشتی لە شارەرزوور دەستنیشانبکەن و بیان تەقێننەوە .

بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو ، ڕوونبووەوە چەند تۆمەتبارێکی تر ھاوکاری ئەم کردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوونە و ، لەئۆپراسیۆنێکدا ڕۆژی 28/ 1 ئەمساڵ لەقەزای سەیدسادق ( ز- م ) دەستگیراکراو ، لەھەمان ڕۆژ بەتاوانی ھاوبەش ، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار ( ج – م ) دەستگیرکران ، کە پێکھاتبوون لە دایکی بەناوی ( ب . ک ) و دوو خوشکی بەناوەکانی ( ب.ع /  ز . ع / ف .ع ) لەگەڵ ھاوسەری تیرۆریست ( ج -م ) بەناوی ( ب . ع ) . دەستیشگیرا بەسەر  ھەموو ئەو کەرەستەو کەلوپەل  و پێداویستییانەی بۆ  کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەکاریانھێنابوو.

ناسنامەی تیرۆریستان

– تیرۆریستی ج – ع و  ع – ع کوڕی تیرۆریست ( عومەری دایس ) ن – کە ئەندامی رێکخراوی القاعیدە بوو وە ، و یەکێک بووە لە چەکدارەکانی تیرۆریستانی ( ئەنسار ئیسلام  ) لە ناوچەی ھەورامان ،لەسەرەتای دروستبوونی ئەنسار ئیسلام لەساڵی 2001 بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردەوساڵی 2003 دوای راودونانیان ھەڵھاتوون بۆ دەرەوەی سنوری ھەرێم ، و لەگەڵ سەرھەڵدانی داعش دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی تیرۆریستی .

تیرۆریست ( ع . ع ) ناسراو بە خەڵات لەساڵی 2015 لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیری توندڕەوی داعش و چەندجارێک ھەوڵی داوە بچێتەناو داعش و دواتر بڕیار ئەدەن لەگەڵ تیرۆریست ( ج – ع )  لەسنوری شارەزوور بمێنەوە و شانەیەکی نەنستوی داعش دروستبکەن و چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنورەکە ئەنجامبدەن .

هەر لە میانەی بەدواداچوونەکانماندا،  دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دوو تیرۆریستی دیکەی عەرەبیان دەستگیرکرد، لە داهاتوودا زانیاری و ناسنامەی ئەم تیرۆریستانەش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین .

لەبارەی ئەم کەیسەوە ، ڕەوتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ھێزەکانمان بەردەوامە و ، لەبەر سەلامەتی و پاراستنی زانیارییەکان ، چەندین بەڵگەو دیکۆمێنتی تر بەشاراوەیی ھێڵراونەتەوە .

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان -یش دڵنیادەکەینەوە دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەرک و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەتی ، کە شەونخون بێت و گیانی ھێزەکانی بخاتە مەترسیەوە لەپێنا و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لەھەرێمەکەماندا ،  تا ھەموولایەک بە ئارامی ژیان بەڕێبکەن و سەروماڵی ھاووڵاتیان  پارێزراوبێت .

لەماوەی ڕابردووشدا دوور لەچاوی میدیا  ،چەندین پیلانی تیرۆریستان لەھەرێم شکستیپێھێنراو  ئەندامەکانیان دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگاکراونەتەوە ، لەناوچەدابڕێندراوەکان و شارەکانی عێراقیش ھەماھەنگ و ھاوکاری بەردەوامی ھێزەعێراقییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتین ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی چەندین شانەی تیرۆریستی داعش و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانیان .

وەک ھەمیشە سوپاس و  پێزانینی دەزگای ئاسایش بە ھاووڵاتیان ( کەسوکارمان  ) و خەڵکی خۆمان دەگەیەنین  ، کەھەمیشە ھاوکارو ھەماھەنگ بوون لەسەرخستنی ئەرکەکانماندا و شکستپێھێنانی پیلانی تیرۆریستان کە مەرامیانە ژیان لەھەرێمەکەمان تێکبدەن .سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی کەلەپاش کەمتر لەیەک مانگ ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆرستییەو گروپێکی  شانەی نەنستوی داعشیان ئاشکراکرد و ئەندامەکانیان دەستگیرکرد و رادەستی یاساو قانوونیان کرد .

بابەتی پێشتر

كازمی بڕیارێكی نوێ لەبارەی كۆمسیۆنەوە دەردەكات

بابەتی دواتر

چیرۆكی ئەو كوردەی لە 10 ساڵ زیندانیكردن هەڵهات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دژه‌تیرۆر: له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ حه‌ویجه‌ چه‌ندین مۆڵگه‌ى داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا

بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی دژەتیرۆر، بەهاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان و دژەتیرۆری عێراق ئۆپه‌راسیۆنێکی بەرفراوانیان لە سنووری قەزای حەویجە ئەنجامدا و دەستگیرا…
Total
0
Share