وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەکانی گواستنەوەی پرۆژەی هەژماری من بۆ سەر وەزارەتی دارایی دەستیپێکردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 2ـی 6ـی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەسەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کرا و جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرا کە لەئێستادا بە چەند قۆناغێک دەستیپێکردووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، “هاوکات لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە داتا و زانیاری دوایین هەنگاوەکانی پڕۆژەی هەژماری من خرایەڕوو، بەجۆرێک تائێستا ملیۆنێک و 168 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمارکراون و زیاتر لە 830 هەزار کارتی بانکی دابەشکراوە و بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800 هەزار کەس لە ڕێگەی 635 ئامێری ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەوە مووچەیان وەرگرتووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا پڕۆسەی تۆماکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات و پەرەپێدان و میلاکات دەستیپێکردووە و نزیکەی 50 هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆماربکەن کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن. هاوکات ئاماژە بەوەشکرا لە کۆی 474 هەزار خانەنشین و کەسوکاری شەهید و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی تائێستا 418 هەزاریان تۆمارکراون و 220 هەزار مووچەخۆریشیان کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی تیمەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانەی لە ماوەی ڕابردوو دروستبووە، بەتایبەت کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و ئەو کێشانەی پەیوەستە بە خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکەکانیان و میکانیزمی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی نەخۆش و پەککەوتەن و ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.