ئەندامێکی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاشکرایدەکات، نیوە زیاتری کارگەکان داخراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کارێکی لەوبارەیەوە نەکردووە.
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان دیدگای بۆ داهاتوو خراپ و لاوازە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئابوریی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
وتیشی، 15 ساڵە هاوار دەکەین فریای کارگەکان بکەون، ئێستا زیاتر لە نیوەیان داخراون، کە داخران، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕێکارێکی نەگرتەبەر بۆ کردنەوەیان.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ سیستمی ئەسیکۆدا بگونجێنێت، بەشی زۆری بازرگانان کۆگاکانیان بردووەتە خوارووی عێراق، پێشتر ئێمەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە عێراق پێشەنگ بووین، ئێستا قەبارەی بازرگانیمان بچووک بووەتەوە.