پاش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئاسمانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا. دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیش ناوە ناوە داخستنی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی درێژدەکردەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانییش بێبەش نەبوو لەو داخستنە و بۆ ماوەی زیاتر لە 40 ڕۆژ گەشتەکانی بەڕووی جیهاندا هەڵپەسارد.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق لە ڕۆژی 8ـی نیسانی 2026، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی جووڵە فڕۆکەوانییەکاندا کردەوە، هێڵە ئاسمانییەکانیش بەگوێرەی پلانی خۆیان گەشتەکانیان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەستپێکردەوە.
هێڵی ئاسمانیی شاهانەی ئوردن Royal Jordanian وەک یەکەمین هێڵی ئاسمانیی، لە ڕۆژی 13ـی هەمان مانگ، گەشتە ئاسمانییەکانی لەنێوان (عەمان – سلێمانی – عەمان) دەستپێکردەوە و پاش جەنگ، یەکەمین گەشتی ئاسمانیی لە شاری سلێمانییەوە بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن دەستیپێکرد.
هەر ڕۆژێک دواتر و لە 14ـی نیسان، هێڵی ئاسمانیی فلای دووبەی Fly Dubai گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دووبەی – سلێمانی – دووبەی دەستپێدەکاتەوە.
هێڵی ئاسمانیی عێراقییش لە ڕۆژی 13ـی نیسان گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکە دەستپێکردەوە. یەکەم گەشتیی ئاسمانیی نێوان سلێمانی و تورکیا لە ڕۆژی 16ـی ئایار لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە دەستیپێکردەوە.
هاوکات بڕیار وایە ڕۆژی 29ـی ئەم مانگە، هێڵی ئاسمانیی ماهان ئێر Mahan Airـی ئێرانی، گەشتەکانی نێوان تاران – سلێمانی – تاران دەستپێبکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا هێڵە ئاسمانییەکانی تورکی، ئەی جێت، قەتەڕی و هێڵی ئاسمانیی کوندور دەستیان بە گەشتەکانیان نەکردووەتەوە و بەرپرسانی فڕۆکەخانەکەش جەخت لەوەدەکەنەوە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان، بەگوێرەی پلانی هێڵەکان لە فڕۆکەخانەکەوە بەرەو جیهان دەستپێدەکاتەوە.