فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیارماندا بگەڕێینەوە بەغداد و دەست بە کار و چالاکییەکانیان بکەنەوە.
فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و وەفدی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان و لە درێژەی ئەم هەوڵانەشدا، سەردانی وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغداد لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی، فراکسیۆنەکەمان بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران”.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین، کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان.