بافڵ تاڵەبانی: بەهیچ پاساوێک ڕێگەنادرێت پێشێلکاری یاسا بکرێت

بافڵ تاڵەبانی لە دیداری وەزیری ناوخۆ و بریكاری وەزیر

هاوسەرۆكی یەكێتی پشتیوانی هێزەكانی ناوخۆی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی زیاتر و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان دەربڕی و دەڵێت، “بەهیچ پاساوێک ڕێگەنادرێت پێشێلکاری یاسا بکرێت”.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات سەردانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ پێشوازیلێکرا.

لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ کرد و سوپاس و پێزانینی گەیاندە ئەفسەر و کارمەندانی ھێزەکانی ناوخۆ لەبەرامبەر ماندوبوون و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان. ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی دەربڕی بۆ سەرخستنی ھەوڵەکانیان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی زیاتر و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی دیدارەكەدا هاتووە.

هاوسەرۆكی یەكێتی جەختیشی لە سەروەری یاسا و دادگاکان کردەوە و وتی، “ھیچ کەسێک لەسەروو یاسا و بڕیارەکانی دادگاوە نییە و بەهیچ پاساوێک ڕێگەنادرێت پێشێلکاری یاسا بکرێت”.

ھەر لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بافڵ تاڵەبانی سەردانی لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێکەیدا.

لە درێژەی دیدارەکەدا باس لە ڕێوشوێنەکانی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا کرا و جەخت لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی سەرجەم ھێزەکانی ناوخۆ کرا لەپێناو پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەك بڕیاری تایبەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەركرد

بابەتی دواتر

"پرۆژەیاسای بودجە هەفتەیەكی تر دەخرێتە دەنگدانەوە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share