وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە 1133 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لە کاتی شەپۆلی ئەم دواییەی خۆڵباریندا کە چەند پارێزگایەکی گرتەوە، 1,133 حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوە شکرد، زۆرینەی حاڵەتەکان سووک و مامناوەند بوون و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییەکان، زۆرینەیان گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان.
بەپێی ئامارەکان، پارێزگای موسەننا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و 576 حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە، لە دوای ئەویش پارێزگای نەجەف بە 300 حاڵەت و بەغدادی پایتەخت بە 200 حاڵەت دێن.
وەزارەتی تەندروستی دووپاتیکردەوە کە سەرجەم تووشبووان خزمەتگوزاریی پزیشکی و چاودێریی پێویستیان بۆ دابینکراوە.