کەی خۆڵبارین کۆتاییدێت؟

شەپۆلێکی خۆڵبارین شاری دهۆکی گرتووەتەوە. هەڵکردنی با بەخێرایی، بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و ئاسمانی شاری دھۆک بەتەواوی بە چینێکی چڕی خۆڵبارین داپۆشراوە و مەودای بینین بەھۆی خۆڵبارینەوە کەمبووەتەوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک، دکتور عەبدوڵڵا ئێحسان بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند “خۆڵبارین کاریگەریی بۆسەر تەندروستیی مرۆڤ ھەیە، بەتایبەتی کۆئەندامی ھەناسەدان و دروستکردنی هەناسەسواری”. دکتور عەبدوڵڵا ئێحسان گوتیشی: “باشترە ھاووڵاتی ئەگەر بۆ کارێکی گرنک نەبێت لە ماڵ دەرنەچێت و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکان دابخەن”. ھەروەھا بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پارێزگای دھۆک، ئومێد مایی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “کاریگەری ئەم شەپۆلە تا سبەی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت”. ( Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed – ئاژانسی ئانادۆڵو )

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت،ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ڕووی لە ناوچەکانمان کردووە تاوەکو ئەمشەو بەردەوامدەبێت و سبەینێ کۆتاییدێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، نزمەپاڵەپەستۆکەی جەمسەری باکوور لەسەر وڵاتانی ناوچەکە، کاریگەریشی لەسەر ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردووە و بووە هۆی دروستبوونی ناجێگیرییەکی لاواز لە کەشوهەوادا، هەروەها دروستبوونی هەورەبروسکەی وشک و کەمباران و چالاکبوونی بای باشوری ڕۆژئاوای بەدواداهات، بەتایبەت لەسەر ناوچە بیابانییەکانی ڕۆژئاوای عێراق.

وتیشی، هاوکات، شەپۆلێکی خۆڵبارینیش زۆربەی ناوچەکانی گرتەوە و کاریگەرییەکانی تاوەکو شەو بەردەوامدەبێت و لە بەرەبەیانیی سبەی سێشەممەوە کاریگەریی خۆڵبارینەکە کەمدەبێتەوە و کۆتاییدێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سبەی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێت، تەنیا لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەر هەیە لە نێوان کاتەکانی پاشنیوەڕۆ بۆ ئێوارە تاوەباران و هەورەبروسکە بەرێژەی جیاواز دروستببێت و لە ئێوارەدا بەتەواوی کۆتاییبێت، پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی 2 بۆ 3 پلە نزمدەبێتەوە و کەش فێنکتر دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share