لە نێوان باجی ئۆتۆمبێل و کشانەوەی سەربازی؛ ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر ئەوروپا توندتر دەکات

لە هەنگاوێکی کتوپڕدا کە هاوسەنگییە سەربازییەکانی کیشوەری ئەوروپا دەگۆڕێت، ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا ڕاگەیاند، کە بڕیارە وەک قۆناغی یەکەم لە خاکی ئەڵمانیاوە دەستپێبکات.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، واشنتن بڕیاریداوە نزیکەی 5 هەزار سەربازی خۆی لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە، ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی “سەرزەنشتکردن” بۆ بەرلین دەبینرێت کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە لەناو ناتۆدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەوروپا سەبارەت بە پرسی شەڕ لەگەڵ ئێران ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

کاردانەوەی ناتۆ

لای خۆیەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند کە کار لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی ئەم بڕیارە.

ئەلیسۆن هارت، وتەبێژی ناتۆ لە هەژماری خۆی لە سۆشاڵ میدیای ‘ئێکس’ ڕایگەیاند، “ناتۆ کار لەگەڵ ئەمریکا دەکات بۆ تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە ئەڵمانیا”.

فشارەکان بۆ سەر وڵاتانی دیکەی ئەوروپا

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوی هاوشێوەی بەرانبەر بە وڵاتانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ توندبوونی گرژییەکانی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەسەر چەندین دۆسیەی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا.

بڕیاری کشانەوەی هێز دوای زنجیرەیەک فشار و لێدوانی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت سەبارەت بە خەرجییە سەربازییەکانی ناتۆ و باجە گومرگییەکان.

سەرەتای کشانەوەکە لە ئەڵمانیا

ئەڵمانیا کە ناوەندی سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئەوروپا، دەبێتە یەکەم وێستگەی ئەم کشانەوەیە، واشنتن دەیەوێت بەشێکی بەرچاو لە سەربازەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە، کە هەندێکیان دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناوخۆی ئەمریکا و هەندێکی دیکەیان بەسەر وڵاتانی دیکەی هاوپەیماندا دابەشدەکرێن.

هۆکارە سەرەکییەکانی پشت بڕیارەکە

پسپۆڕانی سیاسی ئاماژە بە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەکەن بۆ ئەم گۆڕانکارییە:

فشاری ئابوری: ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت وڵاتانی ئەوروپا ناچار بکات بودجەی بەرگریی خۆیان زیادبکەن و زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن.

پاراستنی بەرژەوەندیی ناوخۆیی: ئەم بڕیارە هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی “ئەمریکا لەپێش هەمووانەوە” بۆ کەمکردنەوەی تێچووە سەربازییەکانی دەرەوە.

ناکۆکییە بازرگانییەکان: توندبوونی شەڕی بازرگانی و سەپاندنی باجی نوێ بەسەر بەرهەمە ئەوروپییەکاندا، وایکردووە واشنتن کارتی سەربازییش وەک فشار بەکاربهێنێت.

کاردانەوەکان و مەترسییەکان

ئەم بڕیارە نیگەرانییەکی قووڵی لای بەرپرسانی برۆکسل و بەرلین دروست کردووە، چاودێران پێیان وایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی دروستبوونی “بۆشاییەکی ئەمنی” لە بەرانبەر هەژموونی ڕووسیا، هەروەها دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لە ناو ناتۆدا.

باجی ئۆتۆمبێل؛ چەکێکی دیکەی ترەمپ

هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکان، دۆناڵد ترەمپ شەڕێکی توندی ئابوریی ڕاگەیاندووە، بڕیارە باجی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە هاوردەکراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا بە ڕێژەی %25 زیاد بکرێت. ئەم هەنگاوە وەک فشارێکی ڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ سەر پیشەسازیی ئەوروپا، بەتایبەت ئەڵمانیا کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمریکا.

بەرەو کوێ؟

چاودێران پێیان وایە کە ترەمپ دەیەوێت بە بەکارهێنانی کارتی “باجی ئۆتۆمبێل” و “کشانەوەی سەربازی”، ئەوروپا ناچار بکات بودجەی بەرگریی خۆی زیاد بکات و چاو بە ڕێککەوتنە بازرگانییەکاندا بخشێنێتەوە.

ئەم دۆخە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسیی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و مەترسیی دروستبوونی “بۆشاییەکی ئەمنی” گەورەی لە ئەوروپادا هێناوەتە ئاراوە.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کوردستان لە حوزەیراندا 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی بە داهاتی نزیکەی دوو ملیار دۆلار هەناردە کردووە

کۆمپانیای (tankertrackers)ی جیهانی ئاشکرایکردووە، هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، داهاتەکەشی زیاتر…
Total
0
Share