وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند، هەر کەسێک زبڵ و خاشاک لە سروشتدا بەجێبهێڵێت بە 100هەزار تاوەکو 10 ملیۆن دینار سزادەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بە نوسراوی ژمارە 11255 لە 23ی نیسانی 2026 بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، پۆلیس، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی ژینگە و دارستان، پۆلیسی هاتوچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەنددارەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان بگرنە بەر و سزای دارایی بەپێی یاسا بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە پیسدەکات.
بۆ بایەخدانی زیاتر بە پاراستنی سروشتی جوانی وڵاتەکەمان، و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ژمارە (8) ی ساڵی 2008، کە تیایدا هاتووە (هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە لە ژینگەیەکی هێمن و پاکدا بژی و ئەرکی هەموو کەسێکیشە کار لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکییەکەیدا بکات) – ماددەی سێیەم/ یەکەم. هەروەها لەبەر ڕۆشنایی یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان)ە ماددەی دووەم/یەکەم و (پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی) ماددەی دووەم/ دووەمی سپاردووە بە وەزارەتی ناوخۆ، بەو هۆیەی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان وەکو بەشێک لە سامانی گشتی ئەژماردەکرێن، دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ وەکو پۆلیس، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ، هەر یەکەیان بەپێی پسپۆڕی و ئەرکی خۆی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 و هەموو ئەو ڕێنماییانەی دەستە بۆ پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان دەریکردوون.
دەشڵێت، لە گشتاندنێکدا داوا لە دامەزراوەکان کراوە کە لە ڕێی خۆیانەوە ئاگاداری هاوڵاتییان بکەن کە:
یەکەم: لە کاتی گەشت و سەیراندا سروشتی جوان و ڕەنگینی کوردستان وەکو ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان بە دووربگرن لە پیسکردن لەڕێی بەجێهێشتنی پاشماوەی گەشت و زبڵ و خاشاک، پێویستە پاشماوەکان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە و لە شوێنی تایبەت دایبنێن کە دەستی دامەزراوەکانی شارەوانی دەگاتێ.
هەر کەسێک پاشماوەی گەشت بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بە پێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی چل و دووەم لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر کە سزای پێبژاردنە لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، دامەزراوەکانی پۆلیس هاوکاریی دەستە دەکەن لە سەپاندنی ئەم سزایە.
دووەم: داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە بەشداربن لە پاک و جوانهێشتنەوەی سروشتی کوردستان وەکو شوێنە گەشتیارییەکان، پۆند و بەنداو و جۆگە و چەمەکان، شاخ و دەشت و دۆڵ و چیا و دارستانەکان، پێویستە وەکو ماڵی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، داوا دەکەین ئەگەر هاوڵاتییەکیان بینی ژینگە پیس دەکات و زیان بە سروشتی کوردستان دەگەیەنێت، ڤیدیۆی بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی دەستە، یان وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی پۆلیسی ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریان بگیرێتە بەر.
سێیەم: داوا لە خاوەن پڕۆژەکان دەکەین، بە هەموو جۆرەکانیان کە ناویان لە ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (2)ی ساڵی 2023 هاتووە، بە وردی ئەو ڕێنماییە بخوێننەوە و خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی پاراستنی ژینگە بگونجێنن، بە پێچەوانەوە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستە بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانیان دەکەن و سەرپێچیکار بە گوێرەی ئەو سزایانەی لە ڕێنمایی ئاماژە بۆکراو هاتووە، سزا دەدەن.
چوارەم: ئەنجومەن و لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە.