جێگری پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند، سوپاسی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی دەکەم.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند، لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و (128) ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەسەردەستی میقداد مەتحەت بەدرخان پیرۆزبایی لە تەواوی ڕۆژنامەنووسان، ڕاگەیاندنکاران و میدیاکارانی کورد و بەتایبەت سلێمانی دەکەم، ئومێد دەکەم لەم ساڵیادەدا ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران مافەکانیان بێتەدی.
ئەوەش دەڵێت، سوپاسی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە گەیاندنی داواکاریی و هاوڵاتییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەروەها ڕۆڵیان هەبووە لە گەیاندنی ئێش و ئازارەکانی گەلەکەمان.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەم کات و ساتەشدا، داوادەکەم ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بە ئیتیک و ئەتەکێتەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن و ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییان دروست نەکەن، لە کۆتایشدا دەڵێم درود بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکارانەی لە ژیاندا نەماون جێگەیان بەهەشت بێت.