ئارام قزلەری، ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکوک بینیمان پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالە، ئەمەش بۆ ئەوەی فیتنە لە شارەکە دروستنەبێت.
ئارام قزلەری، نوێنەری تایبەتی قوباد تاڵەبانی، نووسیویەتی، “سەبارەت بە گۆڕانکاریی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالی نەمر، پاش ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بـ.ـەعس، سەرۆک مام جەلال پێشنیاریکرد کەرکوک شاری پێکەوە ژیانە و چاک وایە پەیڕەوی لە ڕێژەی 33% بکەین لە دابەشکردنی پۆستەکان بۆ بەڕێوەبردنی شاری کەرکوک، واتە 33% بۆ عەرەب، 33% بۆ تورکمان، 33% بۆ کورد ، 1% بۆ ئاشوور و کلدانەکان، بەمجۆرە شاری کەرکوک لە فیتنە و ئاشوب دەپارێزین، هەروەها تێکڕای پێکهاتەکان بەشداردەبن لە بەڕێوەبردن، ئاوەدانی و پاراستنی ئارامی شارەکە”.
وتیشی، “ئێستا لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیڕەوی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەکرێت بۆ خزمەتی زیاتری شاری کەرکوکی خۆشەویست، لەلای هەمووان ئاشکرایە هەڤاڵ ڕێبوار تەها، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خزمەتێکی بەرچاوی کەرکوک و پێکهاتەکانی شارەکەی کردوە بێ جیاوازی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هەمیشە خزمەتی شاری کەرکوک دەخاتە پێشینەی کار و هەنگاوەکانی بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان وئارامی شارەکە”.