بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی کەلار – دەربەندیخان ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون کە ئەندامی یەک خێزانن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی، بە ئاراستەی دەربەندیخان ڕۆیشتووە لە نزیک گوندی بانیخان کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە ڕاگری قەراخ ڕێگەکەدا کێشاوە، بەهۆیەوە سێ سەرنشین برینداربوون کە ئەندامی یەک خێزانن، سەرجەم بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری کران لە ناحیەی باوەنوور.
ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان لەدایکبووی ساڵی 1988 و 2009 و 2013ـن؛ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن تیمی هاتوچۆوە دەستیپێکردووە.