شارەزایەکی کەشناسی: تەرزەی قەبارە گەورە دەبارێت و لافاو دروستدەبێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و تەرزەی قەبارە گەورەش لە هەندێک شوێن دەبارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی شەممە، 11ـی 4ـی 2026، لە ئەنجامی هاتنی هەوایەکی شێدار لە دەریای سوور و کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتەکانی نیوەڕۆوە بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا، هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایان دەستپێدەکاتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەبارانەکان بەخوڕ دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلەی گەرمی بەراورد بە ئەمڕۆ، 2 پلە دادەبەزێت، بای باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات لە کاتەکانی بەیانی بۆ ئێوارە چالاک دەبێت بە خێرایی 15-35کم/ک، لە کاتەکانی ئێوارە و بەتایبەت شەو، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە لە کەش و بەرگەهەوای ناوچەکەدا زیاتر دەبێت و ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکەی بەهێز و تاوەتەرزە و بارانی بەخوڕ دەبێت، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی باکووری پارێزگای دهۆک کاریگەری زیاتر دەبێت.

دەشڵێت، لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سەنتەری پارێزگای هەولێر و دهۆکیش ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکە و تاوەبارانی لاواز بۆ مامناوەندی کورتخایان دەبێت.

ئەو شارەزایە ئەوەشی ئاشكراکردووە، بۆ دوو سبەی یەکشەممە، کاریگەریی ئەو حاڵەتە ناجێگیرییە بەهێزتر دەبێت و ئەگەر هەیە لە هەندێک شوێندا لافاو دروستببێت لەگەڵ بارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی گەیاندە كەركوك

ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی پارێزگای كەركوكی كرد و لەسەر تەقاندنەوەی تاوەركانی كارەباش لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان كۆبووەوە. قاسم…
Total
0
Share