لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی بە زیرەکیی دەستکرد دروستدەکرێن(Fake و Deepfake) و بڵاو دەکرێنەوە، دەچنە خانەی (FakeNews) ھەواڵی ناڕاست.
دەشڵێت، داواکارین لە میدیاکاران ئاگاداری ئەم حاڵەتە بن و وەک یەکەمین چارەسەر بەدوای سەرچاوەی ئەو بابەتانەدا بگەڕێن ئەگەر گومانتان لە ڕاستیەکەی ھەبوو، ئەگەر نا، باشتر وایە بڵاونەکرێنەوە، چونکە لە ئێستادا بە تەکنیکێک دروستدەکرێن لە ڕاستی دەچن، یان زۆر لە ڕاستییەوە نزیکن.
ئاماژە بەوەش دەکات، داواکارین لە بینەر، بیسەر و خوێنەری میدیاکان و سۆشیاڵ میدیا، خۆشباوەڕ نەبن بەوەی دەیبینن یان دەیبیستن، چونکە بە شێوازێک چنراون یان دروستکراون تاوەکو ئێوەی ھاوڵاتی وەک (Fakt)ڕاستییەک بیبینن و کاریگەریتان لەسەر دروستبکات.
چەند ڕێنماییەک:
*بۆ ناسینەوەی وێنە، پێویستە لە دەستوپەنجە، ددان، چاو، پشتی وێنەکان، شادۆ، تاریکی، ڕووناکی، سێبەر و گونجاندنی کات و ساتی وێنەکان، بەدیقەت حسابیان بۆ بکرێت، یان ئەو وێنانەی زۆر شێواون یان زۆر نمونەیی و پاکو جوانن زۆرینەیان بە زیرەکیی دەستکرد خولقێندراون.
*بۆ ناسینەوەی ڤیدیۆی ساختە، دەبێت زۆر بەوردی تەماشای جوڵەی لێو و تروکاندنی چاوەکان بکەن، پاشان جوڵە گشتیەکان بە جوڵەی مرۆڤ و گیاندارانیشەوە، ئەگەر زۆر ڕۆبۆتی بوو، گومان بکە، لە ھەموو لێوارە بەرجەستەکانیشدا بە دەموچاویشەوە چینێکی تەماوی ھەیە و لە جوڵەدا زیاتر دەردەکەوێت، ڕووناکی و تاریکی لە ڤیدیۆی ساختەدا، لەپڕ زیادوکەم دەکەن.
*بۆ یەکلابوونەوەتان لەسەر ڤیدیۆ یان فۆتۆیەکی گوماناوی دەتوانن پەنا ببەنە بەر ئەو وێبسایت و ئەپانەی بۆ ئەم مەبەستە دانراون ھەرچەندە ناسینەوەکەشیان 100%مسۆگەر نییە.
زیرەکیی دەستکرد لە شـ.ـەڕی ئـ.ـێران ئیسرائیل-ئەمریکادا بووە بە ھۆکارێک بۆ گەیاندنی بیرۆکە و بابەت و مەبەستی ناواخندار، سەدان ڤیدیۆ و فۆتۆی فەیک، ڕۆژانە دێنە سەر شاشە و ناو مۆبایلەکانی دەستانەوە، گرنگ ئەوەیە ڕاستییەکان لە زۆرترین کەناڵەوە بڕوات و درۆکانیش لە کەمترینەوە، بۆیە ئێستا لە ھەموو کات زیاتر دەبێت ھاوڵاتییانمان بە چاوی ھونەریی ورد و ڕەخنەگرانە لەو بابەتانە بڕوانن کە گومان لە مێشکدا دروستدەکەن و دەبێت بە لۆجیک تەماشای بابەتەکان بکەین.