د. بڕیار ڕەشید: وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی پێداین بەشەدەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا زیادبکرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەڵێنیان لە وەزیری تەندروستیی عێراق وەرگرتووە، کە بەشەدەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، زیادبکرێت.

د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی توشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە سەردانیان کردین، چونکە ناچاربوون بۆ وەرگرتنی دەرمانی پێویست، ڕەزامەندیی وەزیری تەندروستیی عێراق بەدەستبهێنین، پاشان دەرمانەکەیان بۆ دابیندەکرا.

ڕاشیگەیاند، هەرچەندە ساڵح حەسناوە، وەزیری تەندروستیی عێراق هەمیشە هاوکاربووە و هەموو داواکارییەکانی بۆ جێبەجێکردووین، بەڵام پێمان ڕاگەیاند، کە بەشێکی هاوڵاتییان تاوەکو ئێستا ئاگادارنین کە دەتوانن لە ڕێگەی ئێمەوە ڕەزامەندی وەرگرتنی دەرمانەکانیان بۆ بەدەستبهێنین و ناکرێت هاوڵاتییان کە پێویستیان بە دەرمانێکی شێرپەنجە بێت، تەنیا لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە بتوانن وەریبگرن، بۆیە پێشنیازمانکرد کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو گرفتە بکرێت.

دەشڵێت، داوامانکرد بەشەدەرمانی تەرخانکراو بۆ نەخۆشخانەی هیوا زیادبکرێت بەپێی پێویستیی نەخۆشخانەکە، بێ ئەوەی پێویست بکات بۆ داواکاریی هەر هاوڵاتییەک ڕەزامەندیی وەزیری تەندروستیی لەسەر بدرێت.

د. بڕیار ڕەشید وتیشی، وەزیری تەندروستی هاوڕابوو لەگەڵمان و بەڵێنی پێداین بە زیادکردنی بەشەدەرمانی نەخۆشخانەی هیوا، ئەویش دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ئیدارە و ستافی نەخۆشخانەی هیوا، بە ئامادەبوونی ئێمە وەک نوێنەری پارێزگای سلێمانی بۆ دیاریکردنی پێوستی و کەم و کوڕییەکان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share