وەزارەتی خوێندنی باڵا: لەمڕۆوە خوێندن بە ئۆنڵاین دەستپێدەکات

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێکارەکانى تەواوکردنى پڕۆسەى خوێندنی بە شێوازى ئۆنڵاین و دیجیتاڵى بڵاوکردەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاماژە بە کۆبوونەوەى نائاسایى ژمارە 2ـى ساڵى 2026ـى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى 29ـی 3ـی 2026 بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، بفەرموون بە وەرگرتنى ڕێکارەکانى تەواوکردنى پڕۆسەى خوێندن بۆ ساڵى (2025 – 2026) بەم شێوەیەى خوارەوە.

1- پڕۆسەى خوێندن لە ڕێکەوتى 30ـی 3ـی 2026، بەشێوەى ئۆنڵاین و دیجیتاڵى لە سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیشەوە.

2- دەسەڵات دەدرێتە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەپێى شوێنى جوگرافى و تایبەتمەندیی بەشە زانستییەکان بۆ گرتنەبەرى هەر شێوازێکى خوێندنى ئۆنڵاین و دیجیتاڵى و بەکارهێنانى یەکێک لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان.

3- سەرەڕاى خوێندنى ئۆنڵاینى ڕاستەوخۆ، زانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە تەواوى وانەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى دەستەبەر بکەن لەسەر ئەو پلاتفۆرمەى کە بەکاریدەهێنن بۆ وانەوتنەوە.

4- کۆلێجە پزیشکییەکان، جگە لەو بابەتانەى کە بە ئۆنڵاین وەریدەگرن، بۆ وانە پراکتیکى و تیۆرییەکانى دیکە دەتوانن بچنەوە ناو نەخۆشخانەکان و بەردەوامى بە خوێندن بدەن.

5- ئەو وانانەى کە بەشێوەى ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ دەوترێنەوە، پێویستە لە کاتى دەوامى ڕەسمی و خشتەى وانەکانى ڕۆژانەدابن، واتە نابێت بخرێنە دواى دەوامى ڕەسمی و شەوان.

6- سەبارەت بە وانە پراکتیکییەکان، ئەو وانانەى کە دەکرێت لە ڕێگەى ئۆنڵاین بوترێنەوە بەپێى پسپۆڕییە جیاوازەکان، بەشێوەى ئۆنڵاین دەوترێنەوە، ئەو وانە پراکتیکییانەشى کە پێویستى بەناو کەمپەس دەبێت، زانکۆکان چاوەڕێى هەڵسەنگاندنى بارودۆخى هەفتەکانى دواتر دەکەن، بۆ ئەوەى لەکاتى ئاساییبوونەوەى بارودۆخەکە، لەناو کەمپەس وانەکان بوترێنەوە.

7- سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان، پێویستە لەسەر زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخەکە بەپێى خشتەیەکى گونجاو بۆ هەر کۆلێج و بەشێکى زانستى تاقیکردنەوەکان ڕێکبخرێن، بەمەرجێک ڕەچاوى هاتوچۆى خوێندکارانى دەرەوەى شار بکرێت، لە هەمان کاتیشدا خشتەى کۆلێجەکان لەیەک کاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستى دروست نەبوونى قەرەباڵغیی ناو زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان.

8- کۆرسى خولەکانى پێداگۆجى و سەنتەرەکانى زمان بەشێوەى ئۆنڵاین بەردەوامدەبن.

9- گفتوگۆى نامەکانى (ماستەر، دکتۆرا) هەروەک پێشتر وەزارەتمان بڕیارى لەبارەوە دابوو، تەنیا سەرۆک و ئەندامانى لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەى گفتوگۆکە دەبن.

10- بەڕێوەبەرایەتیى ئایتى لە سەرۆکایەتیی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان لەم ماوەیەدا بەردەوام بە ئەرکى خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەرکردنى هەر گرفتێکى تەکنیکى بۆ کۆلێج و بەشەکان و هاوکاریکردنى خوێندکاران.

11- بۆ هەر پرسێک کە دێتە پێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەى پێنەکراوە، زانکۆ و پەیمانگەکان پەیوەندى بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى ناو دیوانى وەزارەت دەکەن بەمەبەستى ڕێنوێنی کردنیان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵ هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵ هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت “بەهۆی نۆژەنکردنەوەی پردێکەوە رێگای چەمچەماڵ بۆ سلێمانی، دەبێت…
Total
0
Share