ئامارە فەرمییەکانی عێراق: زۆرینەی ئەوانەی لە ناو خێزاندا دەکوژرێن ژنانن

ئامارە فەرمییەکانی دادگاکانی عێراق دەریدەخات، زۆرترین قوربانیانی ناو خێزانەکان ژنانن و زۆرترین ئەوانەشی تاوانبارن لە کوشتنی ژناندا برا و هاوسەرەکانیانن.

بەپێی ئەو ئامارە فەرمییەی ڕۆژنامەی دادوەریی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، لە ساڵی 2018دا ئامارەکان 20 حاڵەتی کوشتنی ژنانیان لەناو خێزانەکانیاندا تۆمارکردووە، لە ساڵی 2019دا کەمبووەتەوە بۆ 15 حاڵەتی کوشتنی ژنان و ساڵی 2020 بەرزبووەتەوە بۆ 22 حاڵەتی کوشتن تۆمارکراوە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ساڵی 2018دا 15 پیاو کوژراون و لە ساڵی 2019دا بەرزبووەتەوە بۆ 24 حاڵەت و ساڵی 2020 ژمارەی ئەو پیاوانەی کوژراون لەناو خێزانەکانیاندا 17 پیاو بوون.

لە ئامارەکەدا باس لەوەکراوە، لە سەرجەمی ئەو ژنانەی لەو سێ ساڵەی ڕابردوودا کوژراون، 13 ژن بەدەستی براکانیان کوژراون، 11 ژن بەدەستی هاوسەرەکانیان و چوار ژنیش لەلایەن هاوسەری پێسوویان دوای جیابوونەوە لێیان کوژراون، چوار ژنیش بەدەستی باوکیان کوژراون، ئەوانی دیکەش لەلایەن کەسوکارە نزیکەکانی دیکەی ژنەکانەوە ئەنجامدراون.

بەپێی ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە، ئەو تاوانی کوشتنانەی بەرامبەر ژنان کراوە لە مانگەکانی کانونی یەکەم و شوباتی ساڵی 2020دا شەش حاڵەت بووە، لە مانگی ئازارەوە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم کە تێیدا قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێکارە تەندروستییەکان جێبەجێکراوە 12 ژن کوژراون، لە دوو مانگی کۆتایی ساڵی 2020دا سێ ژن لەناو خێزانەکانیاندا کوژراون.

هەروەها دادوەری دادگای دادگای تاوانی بابل لەوبارەیەوە دەڵێت، “ئەو ئامارانە نیشانمان دەدەن کە کۆمەڵگا لە قەیرانێکی ئەخلاقی گەورەدا دەژی، ئەوەش هۆکاری زۆری ژمارەی کوژراوانی ژنانە لەو ساڵانەدا”.

لەبارەی هۆکارەکانی بەرزی ژمارەی کوژراوانی ژنەوە لە ئامارەکەدا هاتووە، “حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بەهۆی بەهانەی ئەخلاقییەوەی و پەیوەندیی ناشەرعییەوەیە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و خراپ بەکارهێنانی ئامارەکانی تەکنەلۆژیا و هۆکارە ئابورییەکان و بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هۆکاری سەرەکیین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی کوشتنەکانی ژنان بەهۆی کوشتن بەناوی شەرەفەوەیە، هەروەها کوشتنی پیاوان لەناو خێزندا زۆرینەی بەهۆی کێشەی میرات و جیاوازی و ڕێکنەکەوتنە لەسەر بابەتە داراییەکان.

بابەتی پێشتر

سلێمانى بە وزەى خۆر کاردەکات

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی عێراق دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share