بارانبارین تا کەی بەردەوامدەبێت؟

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلە بەهێزەکانی بارانبارین بە درێژایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوامییان دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئێستاوە، کاریگەریی سەرەکیی ئەم شەپۆلی بارانبارینە لەسەر ناوچەکانمان تێپەڕی و ئەوەی ماوەتەوە، بەردەوامیی کاریگەریی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای سوور و ناوەڕاستە کە بۆ ئەمڕۆ و سبەی شەممە، لە کات و شوێنی جیاجیادا تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورەبروسکە لە زۆربەی ناوچەکان دروستدەبێتەوە، بەتایبەتیش لەنێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە زیاددەکاتەوە لە کەش و بەرگەهەوادا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ڕۆژی یەکشەممە، سێیەم ڕۆژی جەژن، کاریگەریی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆکە چالاکدەبێتەوە و جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەخوڕی باران و هەورەبروسکە، سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە و تا کاتەکانی شەو، کاریگەرییەکانی بە بەهێزی بەردەوامیی دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشووری ڕۆژهەڵات بە خێرایی 15-30کم/ک و پلەی گەرمییش بە جێگیری دەمێنێتەوە.

دەشڵێت، لە ڕۆژانی 23 و 24ـی مانگ، کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیانە تا ڕادەیەک لاواز دەبن و کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێت، لەوانەیە لە هەندێک شوێندا تاوەباران و هەورەبروسکە بەشێوەی کورتخایان لە ماوەی ئەو ڕۆژەشدا دروستببێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە ڕێژەی 2 تا 3 پلە.

ئەو شارەزایەی کەشناسی باس لەوەشدەکات، شەپۆلی دواتر لە ڕۆژی چوارشەممەوە 25ـی 3ـی 2026 دەستپێدەکاتەوە و جارێکی دیکە پێشبینیدەکرێت هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناوەڕاست لەسەر تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان قووڵببێتەوە و بارانی بەهێز و تەرزە و هەورەبروسکە دەستپێبکاتەوە، لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی لافاو؛ کاریگەریی ئەم شەپۆلەیان تا 27ـی مانگ بە بەهێزی دەمێنێتەوە و پاشان کاریگەرییەکانی بە مامناوەندی بەردەوامیی دەبێت، تا کۆتاییەکانی ئەم مانگە و ئەگەر هەیە تا چەند ڕۆژی سەرەتای مانگی چواریش، ئەم سیستمە باراناوییە بەردەوامیی ببێت و شەپۆلی نوێ ڕووبکاتەوە ناوچەکە، کە ئەمەش لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا کەموێنە بووە بۆ ماوەیەکی ئاوا زۆر هەرێمی کوردستان و بەگشتی وڵاتانی ناوچەکە بارانی درێژخایان و بەهێز بەخۆوە ببینن کە لە هەندێک شوێندا، بە درێژایی ئەو ماوەیە ئەگەر هەیە زیاتر لە 500 ملیم تا نزیکەی 600 ملیم ببارێت، کە ئەمەش بارانی یەک ساڵی تەواوە بۆ هەندێک لەو ناوچانە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share