غازی سۆپا و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن؛ بکوژە بێدەنگەکە

ساڵانە بەهۆی غازی سۆپاوە (یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن) کە بە “بکوژە بێدەنگەکە” دەناسرێت، چەندین هاوڵاتی دەبنە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتە ڕەسمییەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا کە لە ناوەڕاستی مانگی 3ـی 2026ـداین، نزیکەی 15 کەس بەو هۆکارە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆرتریش تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بوون کە بەپەلە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و ڕزگارکراون.

زۆرینەی ئەو حاڵەتانەی غازی سۆپا کە تۆمارکراون، لە شەواندا ڕوویانداوە؛ لە لایەکی دیکەشەوە، غازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن نە بۆنی هەیە و نە ڕەنگ، بۆیە مرۆڤ هەستی پێناکات تا ئەو کاتەی توشی بێهۆشیی دەبێت؛ ئەمەی خوارەوە چەند ڕێنماییەکە بۆ خۆپاراستن لەم ڕووداوانە:

– بڕینی سەرچاوەی غاز لە کاتی خەوتندا: هەرگیز لە ژوورێکدا مەخەوە کە سۆپا تێیدا کاردەکات؛ پێش خەوتن سۆپاکە بکوژێنەوە.

– دابینکردنی هەواگۆڕکێ: نابێت ژوورەکە بە تەواوی دابخرێت و پێویستە هەمیشە پەنجەرەیەک یان کونێکی بچووک هەبێت بۆ هاتنەناوەوەی ئۆکسجین.

– بەکارهێنانی ئامێری هەستیار: هەوڵبدە ئامێری ناسەرەوەی غازی (CO Detector) لە ژوورەکاندا دابنێیت کە لە کاتی لێچوونی غازدا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات.

– ڕەنگی پڵیتەکە: ئەگەر ڕەنگی ئاگری سۆپاکە گۆڕا بۆ نارنجی یان زەرد، ئەوە نیشانەی ئەوەیە غازەکە بەتەواوی نایەت و مەترسیدارە؛ دەبێت دەستبەجێ سۆپاکە بکوژێنرێتەوە و چاکبکرێت.

نیشانەکانی ژەهراویبوون بە غاز؛ ئەگەر هەستت بەم نیشانانە کرد، دەستبەجێ ژوورەکە جێبهێڵە:

– سەرئێشەیەکی توند و گێژبوون.

– هێڵنجدان و ڕشانەوە.

– هەستکردن بە بێهێزییەکی زۆر و تەنگەنەفەسی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share