قوباد تاڵەبانی: هەڵەبجە سیمبولی خۆڕاگریی کوردە

قوباد تاڵەبانی لە ساڵیادی کـ.ـیمیابارانکردنی هەڵەبجە نووسیویەتی: هەڵەبجە سیمبولی خۆڕاگریی کوردە، بەو مانایەی نە کـ.ـیمیاباران و نە قـ.ـڕکردن و نە بۆردومان و نە هیچ هەوڵێکی دڕندانە و دوژمنکارانەی دیکە ئیرادەی گەلی کورد تێکناشکێنێت و کورد تەسلیمی ئیرادەی کەس نابێت و بۆ ساتێکیش لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ناوەستێت.

دەقی پەیامەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لاوێکی شەرمێون بووم مێشکم دەدرا بە ماران
ئێستاش کە پیر و ماندووم دەرم دەکەن لە شاران

هەموو ساڵێک کە لە رۆژی 16-3، یادی کارەساتی هەڵەبجە دەکەینەوە، بۆ چرکەساتێک کورتکراوەیەک لە هەموو مێژووی کورد دێتەوە بیر و خەیاڵمان. چونکە هەڵەبجە سیمبولی ستەملێکراویی گەلی کوردە، کە بە درێژایی مێژوو ستەمی لێ کراوە و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی دراوە.

سیمبولی خۆڕاگریی کوردە بەو مانایەی نە کـ.ـیمیاباران و نە قـ.ـڕکردن و نە بۆردومان و نە هیچ هەوڵێکی دڕندانە و دوژمنکارانەی دیکە ئیرادەی گەلی کورد تێکناشکێنێت و کورد تەسلیمی ئیرادەی کەس نابێت و بۆ ساتێکیش لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ناوەستێت.

سیمبولی بێ کەسییە، وەکچۆن کاتی خۆی لە ئاست ئەو کارەساتە مەزنەدا جیهان مت و بێدەنگ بوو. هەڵەبجە بیرمان دەخاتەوە کە دۆستایەتیی هەموو جیهان بکەین، بەڵام دواجار بەس خۆمان کەسی یەکتر و پشتوپەنای یەکترین.

هەڵەبجە سیمبولی ئاشتی و بیری ئاشتیخوازانەی کوردە، لە خۆڕانییە کە ئێستا پایتەختی ئاشتیی کوردستانە، سەرباری ئەو کارەساتە گەورەیە و ئەو هەموو ستەمە کورد بیر لە تۆڵە ناکاتەوە و رێگەی ئاشتی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.

ئێستاش کە یادی 38هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەینەوە و شـ.ـەڕ و ئاڵۆزی سەرتاپای ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەرکی هەموو لایەکمانە یەکگرتووانە هەوڵ بۆ پاراستنی نیشتمانەکەمان لە هەڕەشە و مەترسییەکان بدەین و لە هەمان کاتیشدا پەیامی ئاشتیی هەڵەبجە و ئاشتیخوازیی کورد بە هەموو لایەک بگەیەنین.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share