ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، ماوەیەکە کاریگەریی شەپۆلەکانی بارانبارین بۆ سەر ناوچەکانمان لاوازبوون، ئەمەش بەهۆی نەمانی چالاکیی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و نەهاتنی بارستەهەوای گەرم و شێداری ناوچە کەمەرییەکان، کە کاریگەریی زۆربووە لەسەر ناوچەکانی دەشتی هەولێر، گەرمیان و کەرکوک و بێبارانی زیاتر لەسەر دەرکەوتووە.
وتیشی، پێشبینییەکان دڵخۆشکەرن، بەتایبەت بۆ ئەم 10 رۆژەی کۆتایی مانگی رەمەزان تا رۆژانی جەژن چاوەرواندەکرێت شەپۆلە شێدارەکان لە دەریای سوورەوە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چالاکببنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆ وحاڵەتە ناجێگیرەکان بۆ تەواوی ناوچەکانمان، بە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و هەولێرەوە.
روونیشیکردەوە، لە ماوەی ئاماژەپێکراودا، ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکە و تاوەتەرزە و بارانی بەهێز دەبێت لەگەڵ دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێندا.