وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێکاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانە دەگرینەبەر کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئەمەی خوارەوە، دەقەکەیەتی:
دوابەدوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، بەمەبەستی ئەنجامدانی کارئاسانی و بەهاناوەچوونی ئەو هاونیشتمانییانەی کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو هاونیشتمانییانەش کە لە ناوەوەی وڵات دەیانەویت بگەڕێنەوە شوێنی نێشتەجێبوونی خۆیان لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ ئەو بابەتە.
بۆ ئەو مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە توانی رەزامەندیی وڵاتی تورکیا بەدەستبهێنێت بۆ وەرگرتنی ڤیزای ترانزێت بۆ ماوەی پێنج رۆژ بۆ هاونیشتمانییان لە هەر شوێنێک بن لە دەرەوەی وڵات، تاوەکو بتوانن بەشێوەی ترانزێت بێنە وڵاتی تورکیا و دواتر بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بۆ سوودوەرگرتن لەو کارئاسانییە، تکایە ئەو رێکارانەی خوارەوە پەیڕەوبکەن:
سەرەتا فۆڕمی ئۆنلاین پڕبکەوە بەمەبەستی هاوکاریکردنت، لە کاتی بوونی هەر پرسیارێک، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکە کە ئاماژەیان پێدراوە:
https://forms.gle/E3zcfaVPFzc1VKbx9
هێڵە گەرمەکان:
+9647508035680
+9647508035681
پلاتفۆرمەکانی (وەتسئەپ، ڤایبەر و تێلێگرام) لەسەر هێڵەکان بەردەستن.
دوای ئاگادارکردنەوەت لەلایەن هێڵە گەرمەکانەوە، سەردانی نزیکترین نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتی تورکیا (کۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی وڵاتی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، بەڕێزتان ڤیزەی ترانزێتی (5) رۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە رێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.
بۆ سوودوەرگرتن لەو کارئاسانییە، پێویستە ئەو تیکتەی کە پێی دەگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی تورکیا، لە رێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکیەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
هاونیشتمانیی ئازیز، تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیاببەوە:
– دڵنیاببەوە لەوەی کە تیکتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تیکتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگریت.
– دڵنیاببەوە لە رەچاوکردنی ماوەی پێویست لە نێوان بڕینی تیکت و وەرگرتنی ڤیزە، چونکە ڤیزەکە تەنیا بۆ 5 رۆژە.
– پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاریی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیەکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
– ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی دیکەیە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەندبیت لەو کارئاسانییە. چونکە ئەو کارئاسانییە تەنیا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقییە.
بۆ زانینی بەڕێزتان، ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنیا تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت.
تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک، هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لەکاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێی تیمە تایبەتەکانەوە، کارئاسانیی تەواوتان بۆ دەکات.
ئەو هاوڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەرنابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتردەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتمانییەک مابێت، ناوەستین و بەردەوامدەبین.