رێژەی جیابوونەوە لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە

رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بەراورد بە ساڵانی پێشوو لە بەرزبوونەوەدایە، پارێزەرێکیش رایدەگەیەنێت، هۆکاری سەرەکیی دەستبەرداربوونی هاوسەران لە یەکدی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و مۆبایل.

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەر و راوێژکاری یاسایی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، لەمساڵدا رێژەی جیابوونەوە و تەڵاق بەراورد بە ساڵەکانی رابردوو زیادیکردووە، لە کۆی 6 دادگای باری کەسێتیی هەولێر، تەنها لە یەک دانەیان زیاتر لە 200 حاڵەتی جیابوونەوە لەم دوو مانگەی رابردوودا تۆمارکراون و دادگا پەسەندی کردوون، ئەمە جگە لەوەی دەیان داوای دیکەی جیابوونەوە لە ئێستادا لە دادگاکان لە پرۆسەی یەکلاییکردنەوەدان.

ئاماژەی بەوەشدا، رێژەی هاوسەرگریی لەمساڵدا هەرچەندە بەرزە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمیکردووە، هەروەها رێژەی تەڵاق بەراورد بە هاوسەرگیری زیاترە و بەراورد بە ساڵانی رابردووش رێژەکە بەرزتربووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماری مارەبڕین و جیابوونەوەی هاوسەرانی بۆ ساڵی 2025 لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ئامارەکە، لە ساڵی رابردوودا لە سلێمانی زۆرترین مامەڵەی پرۆسەی پێکهێنانی خێزان و مارەبڕینی هاوسەران تۆمارکراوە کە 25 هەزار و 687 مامەڵەیە. هاوکات لە هەولێر 19 هەزار و 620، لە گەرمیان 3 هەزار و 66 و لە دهۆک 12 هەزار و 955 مارەبڕین لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

هەر بەپێی ئامارەکە، بەرزترین رێژەی تەڵاقدان و جیابوونەوە لە هەولێر تۆمارکراوە کە 7 هەزار و 113 حاڵەتە، لە سلێمانی 5 هەزار و 369 حاڵەت، لە کەرکوک و گەرمیان 990 حاڵەت و لە دهۆک 2 هەزار و 354 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمارکراون.

لەناو چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، تەنها لە سلێمانی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بەراورد بە ساڵی 2024 کەمیکردووە. هاوکات رێژەی مارەبڕین لە هەر چوار پارێزگاکە زیادیکردووە.

پارێزەر محەمەد عەبدوڵا باسی لەوەکرد، خراپیی دۆخی ئابوریی هاوڵاتییان و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناپاکیی هاوسەریی لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوەی خێزانەکانن لە هەرێمی کوردستان. هەروەها نەگونجان و رۆشنبیریی خێزانی هۆکارێکی دیکەن بۆ جیابوونەوەی خێزانەکان.

جگە لەو هۆکارانە، نەبوونی ماڵی جیا، ژنهێنانی دووەم، ماددەی هۆشـ.ـبەر، نەخۆشی، بیروباوەڕی ئایینی، نەگونجان و جیاوازیی تەمەن و زوو بەشوودانی کچان لە دیارترین هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان بوون لە ساڵی رابردوودا.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تۆماركردنی ناوی لیست و هاوپەیمانیەتییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

بڕیاربوو ئەمڕۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆماربکرێنەوە، بەڵام بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. جومانە غەلای…
Total
0
Share